خراپی رێگاوبانەكان گرفت بۆ گەشتوگوزار دروست دەكات

چەند پرۆژەیەكی رێگاوبان لە قۆناخی جێبەجێ كردندان
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان دەڵێت، تاكە گرفتی بەردەمی ئەوان خراپی بەشێكی رێگاوبانەكانی دەرەوەی شارەكان و شوێنە گەشتیارییەكانە، كە بەھۆی تەسكی و چاڵەكانەوە زۆرجار قەڕەباڵغی دروستدەبێت. بەرێوەبەرایەتی چاككردنەوەی رێگاوبانەكانیش ئاماژە بەوە دەكات پلانی ئەوان ئامادەیە بۆ باشتركردنی رێگاوبانەكان و چاوەڕێی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانن.

گوشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێك گەشتیاران لە ھەر چوار وەرزی ساڵدا رووی تێدەكەن، بەڵام بە گوتەی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان تاكە گرفتی بەردەمی ئەوان خراپی بەشێكی رێگاوبانەكانی دەرەوەی شارەكان و شوێنە گەشتیارییەكانە.

لەسەر ئاستی پایتەختی ھەرێمی كوردستان، تونێلی پیرمام یەكێكە لەو پڕۆژە ستراتیژیانەی ھەولێر  كە چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ كردنەوەی قەڕەباڵغی رێگاو بانەكان لەو سنوورە كەم ببێتەوە، لەھەمان كاتدا تونێلی ھەریریش كاری تێدا دەكرێت، لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستانیش تونێلی دەربەندیخان خەریكە نۆژەندەكرێتەوە. بەرێوەبەری چاككردنەوەی رێگاوبانی پارزێگای ھەولێریش ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، پلان ھەیە بۆ باشتركردنی رێگاوبانەكانی دەرەوەی ھەولێر.

تێكچوونی بەشێكی رێگاوبانەكان دەگەڕێتەوە بۆ بارانبارینی زستانی رابردوو، كە بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر رێژەیەكی زۆر باران لە ھەرێمی كوردستان باری، ئەمەش زیانی زۆری بە رێگاو بانەكان گەیاند، بەتایبەتی لەدەرەوەی شارەكان، بەڵام بەرێوەبەراویەتی گشتی رێگاو بانەكان بە پلانی نزیك و دوور ھەوڵی چاككردنەوەی رێگاو بانەكان دەدات.

ھ.م