پاسداران: ئه‌مه‌ریكا به یه‌ك گورز وه‌كو تاوه‌ره‌كانی بازرگانی داده‌ڕمێت
K24 - هه‌ولێر:
حوسێن سه‌لامی، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند، تاران جه‌نگێكی هه‌واڵگری له دژی دوژمنان و ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێده‌كات.
حوسێن سه‌لامی راشیگه‌یاند، ئه‌و جه‌نگه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له جه‌نگی ده‌روونی، هه‌ڵمه‌ته ئه‌لیكترۆنییه‌كان، شه‌ڕی سه‌ربازی و دیلپۆماسی و ترس و تۆقاندن.
فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران، ئه‌مه‌ریكا به دوو تاوه‌ره بازرگانییه‌كه‌ی نیویۆرك ده‌چووێنێت، كه ساڵی 2001 له هێرشێكی تیرۆریسی داڕمان و گوتی: "ئه‌مه‌ریكا به یه‌ك گورز، وه‌كو دوو تاوه‌ره‌كه داده‌ڕمێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌مه‌ریكییه‌كان رووبه‌ڕووی بازنه‌یه‌كی فراوانی مه‌ترسی ده‌بنه‌وه، كه خۆیان هه‌ستی پێناكه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، كۆشكی سپی چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندییه‌كن له به‌رپرسانی ئێرانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی راسته‌وخۆ ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام تا ئێستا به‌رپرسانی تاران په‌یوه‌ندییان نه‌كردووه.
پێشتریش دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، دوای سه‌پاندنی سزاكان، ئێران هه‌ڵوێستی خۆی ده‌گۆڕێت و ناچار ده‌بێت داوای دانوستان بكات.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، هه‌فته‌ی رابردوو، حیشمه‌توڵڵا فه‌لاحه‌ت پیشه، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له ئه‌نجوومه‌نی شوورای كۆماری ئیسلامی ئێران، له تویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه داوای دانوستانی كردبوو له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و رایگه‌یاند، لایه‌نی سێیه‌م هه‌یه له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ په‌له‌یه‌تی.
سه‌رچاوه: العربیة – ئاژانسه‌كان
ئ. م