ئەفسەرێکی سعوودی چەند هاوڵاتییەکی ئەمەریکی دەکوژێت

لە ئەمەریکا راهێنانی وەرگرتووە بەڵام ئەو هێرشی کردووەتە سەریان

K24 – هه‌ولێر:

لە بنکەی هێزی ئاسمانی پێنساکۆلا لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا، ئەفسەرێکی سعوودی کە بۆ راهێنانکردن لە شوێنەکەبووە، تەقە هەڕەمەکی دەکات و سێ کەس دەکوژێت و هەشتی دیکەش بریندار دەکات.

تەقەکەرەکە ناوی محەمەد سەعید ئەلشامارانییە و وەکو فێرخوازێک لە شوێنەکە راهێنانی پێکراوە، بەڵام بە دەمانچەیەک هێرشی کردووەتە سەر خەڵکەکە، دواتر پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە، دوای رووبەڕووبونەوە و برینداربوونی دوو پۆلیس، تەقەکەرەکە کوژراوە.

بەهۆی ئەوەی ئەو تەقەکەرە خەڵکی سعودییەیە، پاشا سەلمان پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردووە و ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و بە تاوانێکی "بەربەری" ناوی بردووە.

هێزی ئاسمانی ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، 18 ئەندامی هێزی ئاسمانی سعوودی  و دوو فڕۆکەوان لەو بنکە سەربازییە راهێنان وەردەگرن و بەهۆی هێرشەکە چەند سعوودییەکی دیکە دەستگیر کراون.

CNN