وەزارەتی پەروەردە پڕۆژەیەكی نوێ رادەگەیەنێت

لە قۆناغی 1ی بنەڕەتی تا 12ی ئامادەیی دەگرێتەوە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی ئەلیکترۆنی فێرکاریی رادەگەیەنێت، وەزیری پەروەردەش دەڵێ "پڕۆژەكە ئاسانکاری بۆ فێربوون و روونکردنەوەی بابەت و وانەکانی خوێندن دەكات".

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "پرۆژەكە خزمەتێکی بەرچاوی قوتابیان دەکات، لە ئاسانکاری بۆ فێربوون و روونکردنەوەی بابەت و وانەکانی خوێندن. وانەکانی سەرجەم قۆناغەکان لە 1ی بنەرەتییەوە تاوەکو 12  ئامادەیی بە شێوەی ڤیدیۆ وانە لە خۆ دەگرێت".

وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە: "هەورە فێرگە، پڕۆژەیەکی ئەلیکترۆنی فێرکاریی وەزارەتی پەروەردەیە کە تۆڕی ئومێد دۆست دڵخوازانە پێشکەشی وەزارەتی پەروەردەیان کردووە، پڕۆگرامەکانی خوێندن لەقۆناغی 1ی بنەڕەتی تا 12ی ئامادەیی، بەشێوەی لاپەڕەوانە، ڤیدیۆوانە، خودهەڵسەنگاندن، رێبەری مامۆستا  لەخۆدەگرێت".

ئەوەش روونكراوەتەوە: "ئەم پڕۆژەیەی فێربوونی هۆشمەند یاریدەدەرە بۆ زیاتر فێربوون و کەمبوونەوەی وانەی تایبەت".

بۆ چوونە ناو پڕۆژەكە كلیك لێرە بكە