بەهۆی تەقینەوەیەک لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی لە کابول دەیان کەس کوژران

182 کەس بریندارە

K24 – هه‌ولێر:

لە تەقینەوەیەکدا لەناو ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی لە ئەفغانستان، 63 كەس كوژران و 182 كەسیش بریندار بوون.

تەقینەوەکە لە رێگای کەسێکی خۆکوژ ئەنجامدراوە، بەهۆیەوە جیا لە ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان، چەند ژن و منداڵێکیش گیانیان لەدەستداوە.

بزووتنەوەی تاڵیبان تەقینەوەکەی ئیدانەکردووە و رەتیدەکاتەوە ئەوان لە پشت ئەو کارە بن، بەڵام پێشتر چەند جارێک، میلیشیا سووننەکان، کەمینەی هازارایان لە ئەفغانستان و پاکستان کردووەتە ئامانج.

محەمەد فەرهاگ، یەکێک لە ئامادەبوانی ئاهەنگەکە بە بی بی سی گوتووە: "بۆ ماوەی 20 خولەک، تەواوی هۆڵەکە دووکەڵ بوو. بۆ ماوەی دوو کاتژمێریش، تەرم لە هۆڵەکە دەهێندرایە دەرەوە".

دەشڵێت: "لێرە لە ئاهەنگەکان، پیاوان بە جیا و ژن و منداڵ بە جیا دادەنیشن، تەقینەوەکەش لە بەشی پیاوەکان روویداوە".

هەفتەی رابردووش، ئۆتۆمبێلێک لە هەمان ناوچە تەقییەوە، کە بنکەیەکی پۆلیسی کردبووە ئامانج و بەهۆیەوە، 14 کەس کوژران و 145 کەسی دیکەش برینداربوون، زۆربەیان کەسی سڤیل بوون

H.J