به‌غدا.. دروشمی خۆپێشاندانه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت
K24- به‌غدا:
خۆپێشاندەرانی گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا دروشمی جۆرا و جۆر لە دژی حکوومەت و بەرپرسەكانی عێراق دەڵێنەوە، پەیامنێری کوردستان٢٤ لە بەغدا بە گۆڕەپانی تەحریردا گەڕاوە و دەڵێت: گۆڕانكاری به‌سه‌ر درووشمه‌كانی خۆپێشانده‌راندا هاتووه.
وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، تەنها یەك دروشم لە دژی دەستێوەردانی ئێران ماوە و ئێستا زۆربەی دروشمەکان له دژی ئەمریکا و ئیسرائیلن کە لەو گۆڕەپانەدا نووسرابوون و دەگوترانەوە.
له وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری كوردستان 24 له‌وه ئایا بۆچی درووشمه‌كان گۆڕاون و ئێستا دروشمی دژە ئەمریکا زیاترە دەبینرێت وەك لە دروشمه‌كانی دژە ئێران، بەپێچەوانەی سەرەتایی خۆپێشاندانەکانەوە؟ یه‌كێك له رێكخه‌رانی خۆپێشاندانه‌كانی ته‌حریر به‌ناوی ئیبراهیم کازم ده‌ڵێت: "ئێمە ناچاربوین کە بڵێین، نا بۆ هەموو دەستێوەردانێك، بۆ ئه‌وه‌ی پێمان نەڵێن دەوڵەتێکی دیاری کراو هاوکاری خۆپێشاندەران ده‌كات، ئەگەر بڵێین، بەڵێ بۆ ئەمریکا، ئەوە دەڵێن؛ خۆپێشاندانەکە ئەمریکای لەپشتە، بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتە دوورخەینەوە دەڵێین، نا بۆ ئەمریکا".
خۆپێشاندانەکەی گۆڕەپانی تەحریر هیچ کەس خاوەنی نیە، بۆیە بەردەوام دروشمی تازە دێنە ناو خۆپێشاندان، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24ـیش، دروشمەکانی دژە ئەمریکا زیاتر لەگەڵ هاتنی بەشێك لە سەرۆك هۆزەکان هاتوونه‌ته ناو خۆپێشاندانه‌كانه‌وه.
له‌مباره‌شه‌وه شێخ حه‌واس ته‌میمی، سه‌رۆك هۆزی ته‌میم ده‌ڵێت: "هەرکەسێك دەستێوەردان بکات لە کاروباری عێراق نامانەوێت".
هاوكات ئافره‌تێكی دیكه به‌ناوی دایكی حوسێن، كه له گۆڕه‌پانی ته‌حریر خزمه‌تی خۆپێشانده‌ران ده‌كات، په‌نجه‌ی تۆمه‌تی كوشتنی خۆپێشانده‌ران بۆ وڵاتانی دیكه درێژ ده‌كات و ده‌ڵێت: "دێن تەقە لەم خۆپێشاندەرانە دەکەن کە دانیشتون، کێن ئەوانەی تەقە دەکەن، بەدڵنیایەوە وڵاتانی دیکەی لەپشتەوەیە".
ئه‌مه لەکاتێکدایه خۆپێشاندانەکە هەر لە سەرەتاوە، بەدروشمی دژە ئێران دەستی پێ‌کردبوو، بەڵام ئێستا لە کۆنترۆڵی ڕێکخەرانی ئەو گۆڕەپانەش دەرچووە.
H.B