سه‌رۆك بارزانی: هەوڵ دەدەین له‌ ڕێگای په‌رلەمان و حکوومەته‌وه‌ هەرچی پێویسته‌ بۆ ئافره‌ته‌ رزگاركراوه‌كانی ده‌ستی داعش بكرێ

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە ئافرەتە ڕزگارکراوەکانی دەستی داعش ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 24/6/2019،  سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کچ و ژنانی ڕزگارکراو لە دەست تیرۆریستانی داعش كۆبۆوە و رایگه‌یاند: "ئەوەی بەسەر خوشک و برایانی ئێزدیدا هات درێژەی ئەو کارەساتانەبوو کە پێشتر بەسەر گەلەکەماندا هاتوون، لە ئەنفال و زیندەبەگۆڕکردنی 182 هەزار ژن و پیاو و منداڵ و پیر و گەنجی گەلەکەمان و کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان و بێسەروشوێنکردنی 12 هەزار گەنجی فەیلی و 8 هەزار بارزانی و دەیان هەوڵی دیکە بۆ لەناوبردنی گەلەکەمان، ئەو کارەساتەی بەسەر ئێوەش هات تەواوی برینەکانی پێشووی جەستەی گەلەکەمانی هێنایەوە ژان".

سەرۆک بارزانی گووتی: "زۆر باش لە ئازار و مەینەتییەکانی ئێوە تێدەگەم و جارێکی دیکەش تەئکید دەکەمەوە ئێوە هێمای شەرەفی گەلەکەمان و ئازیزی ئێمەن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "تیرۆریستان بەو ڕەفتارە نامەردانەیان بەرانبەر ئێوە هەم دڕندەیی خۆیان پێشان دا و هەم مەزڵومییەتی ئێوەیان سەلماند، بەڵام خۆشبەختانە بە هەوڵ و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان زۆر مەردانە تۆڵەی ئێوە کرایەوە و تیرۆریستان تێکشکان و کەوتنە ژێرپێی ئێوە".

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە لە ڕێگای پارلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمەوە هەوڵ دەدەین هەرچی پێویستە بۆ ئێوە بکرێت تا ژیانێکی ئاسایی بژین.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: دۆخی ئێستای شنگال نابێ وا بمێنێتەوە و پێویستە ئیدارەی شنگال لەدەستی خەڵکی شنگالدا بێت و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

لە کۆبوونەوەکەدا سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و بەڕێوەبەری کاروباری کوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی رفێنڕاوانی كوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆك، کورتەیەکیان لەسەر هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی کچ و ژنانی ئێزدی لەدەست تیرۆریستانی داعش و ڕەوشی ئێستای ژیانی ئەو ڕزگارکراوانە و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانێکی ئاسایی، خستەڕوو. ئازار دراون.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەش کران، لە کۆی 6417 کەس کە لەسەرەتای پەلاماری تیرۆریستان بۆسەر دەڤەری شنگال کەوتبوونە دەست داعش، 3476 کەسیان ڕزگار کراون و تائێستاش 2941 کەس بێسەروشوێنن. هەروەها ئەوەش خرایەڕوو کە دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوون و ئازادکردنی ئێزدییەکانی دەستی داعش دامەزراند، لەکۆی 3548 کچ و ژنی ئێزدی کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندرابوون، تا ئێستا تواندراوە 1184 کەسیان ڕزگار بکرێن و هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەوانەی تر بەردەوامە و باسی تەواوی ئەو ئاستەنگانەش کرا کە دێتەڕێیان.

هەر لە دیدارەکەدا، هەندێ لە کچ و ژنانی ڕزگارکراوی دەستی داعش باسی ئەو نەهامەتی و ئازارانەیان کرد کە لەماوەی مانەوەیان لەدەست تیرۆریستان تووشیان بووە و وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنیان پێ کراوە و لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە