نرخی نه‌وت هه‌ڵكشا

بۆ بەرزترین ئاستەکانی دوو مانگی رابردووی

K24 – هه‌ولێر:

نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 2% بۆ بەرزترین ئاستەکانی دوو مانگی رابردووی بەرزبووەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز بەوەی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو درێژ دەکەنەوە. هەروەها دەرکەوتنی ئاماژەکان بەوەی چین داوای گەڕێکی دیکەی دانوستاندنی بازرگانی لە ئەمه‌ریکا کردووە نرخی نەوت بەرزبووەوە.

نەوتی برێنت لە کۆتا مامەڵەکانی رۆژی رابردووی بە رێژەی 2.5% و 1.57 دۆلار بۆ ئاستی 63.97 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، بەرمیلێک نەوتی سووکی ته‌کساسیش بە رێژەی 2.8% و 1.57 دۆلار بۆ ئاستی 58.58 دۆلار بەرزبووەوە.

هاوکات لە مامەڵەکاندا نەوتی خاوی ته‌کساس بۆ ئاستی 58.67 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستی بووە لەدوای 23 مانگی ئەیلوولی رابردووەوە، نەوتی خاوی برێنتیش بۆ 64.03 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، کە بەرزترین نرخی بووە لە 24ـی مانگی ئەیلوولی رابردوووەوە.

پێشبینی دەکرێت رێکخراوی ئۆپێک لە کۆبوونەوەی داهاتووی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو درێژ بکەنەوە، کە ئەو هەواڵەش پاڵپشت بوو لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. 

بڕیارە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانی بە سەرکردایەتی رووسیا مانگی داهاتوو لە ڤیەننا کۆببەنەوە، تاوتوێی بازاڕی نەوت و رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بکەن کە بڕیارە تا مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو کاری پێوە بکرێت.

چەند سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنان لە لایەن ئۆپێکەوە بە دوور دەزانن، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە پابەندبوونیان بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بەردەوام دەبێت.

ئەمە لە کاتێدایە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاندبوو، ئۆپێک و رووسیا ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە کە دەیانەوێت بازاڕی نەوت هاوسەنگ بێت و مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردن بە گوێرەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.