پێشمەرگە نوێنەری لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت

داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

بە گوێرەی بڕیارێکی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەمەودوا وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەرایەتی لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت، بەڵام تا ئیستا قسە لەسەر بەشداری راستەوخۆی هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکان نەکرێت.

هەروەها تا ئێستا گەرانەوەی پێشمەرگەش بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دیار نییە، لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان، لە رێگای یاداشتێکی 11 خاڵیدا داوای گەرانەوەی ھێزی پێشمەرگەیان بۆ ئەو ناوچانە دەکات.

هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا قسە لەسەر بەشداریكردنی راستەوخۆی ھێزی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنانە نەکراوە، بە گوتەی ناسر هه‌ركی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، پێدەچێ ھەنگاوی داھاتوو ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەش بێت، لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.

له‌كاتێكیشدا هێشتا گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دیار نیە، رۆمیۆ هه‌كاری، ئه‌ندامی لێژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان ده‌ڵێت، لێژنه‌كه‌یان لە رێگای یاداشتێکی ١١ خاڵی داوای گەرانەوەی ھێزی پێشمەرگەیان بۆ ئەو ناوچانە کردووە و پێشنیازیان کردووە، وەزارەتی پێشمەرگە بە گەرانەوەی پێشمەرگە بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە چارسەر بکات.

دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر یەکێك لە داواکاریە بەردەوامەکانی کورد، گەڕانەوەی پێشمەرگە بووە بۆ ئەو ناوچانەی پێشتر لێی بووە، بەڵام تا ئێستا ئەو داواکاریە وەکو خۆی ماوەتەوە و ھەنگاوی کرداری له‌مباره‌یه‌وه‌ نەبیندراوە. 

H.B