دۆسیه‌ی راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه به عێراق دێته‌وه به‌رباس
K24- هه‌ولێر:
ئەندامێكی لیژنەی وەزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "ئەگەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان 250 هه‌زار بەرمیل نەوتی رۆژانه رادەستی حكوومەتی عێراق بكات، دەبێت عێراق شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان بدات". له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه فراكسیۆنە كوردستانییەكان ھۆشداریی ئه‌وه ده‌ده‌ن، ئەگەر ھەولێر نەوت رادەستی بەغدا نەكات، ئەوا مووچەی فەرمانبەران دەكەوێتە مەترسییه‌وه.
له‌م باره‌یه‌وه گولیزار رەشید سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ده‌ڵێت: "له‌كاتێكدا ئەگەر ھەولێر پابەند بێت بە رادەستکردنی ئەو برە نەوتەی رۆژانه بۆی دیاریكراوه، كه بڕه‌كه‌ی 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌یه، ئه‌وا لە بەرامبەردا بەغداش ده‌بێت ئه‌ركی خۆی له پێدانی شایستە داراییەکانی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان جێبه‌جێ بكات". وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، ئه‌مه رێككه‌وتنێكی دوولایه‌نه‌یه و هه‌ردوولا ئه‌رك و مافه‌كانیان تێیدا دیاری كراوه.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان، زۆرجار ھۆشداریی ئەوەیان داوە، ئەگەر ھەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەستی حکوومەتی عێراق نەکات، ئه‌وا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم جارێکی دیکە دەکەوێتە مەترسی، ئه‌مه‌و بێ ئەوەی باسی ئەو پابەندبوونەی عێراق بکەن، کە پێویستە دوای رادەستکردنەکە، بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ھەیبێت.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌ختیار شاوه‌یس، په‌رله‌مانتاری كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه، پێویسته خویندنه‌وه‌یه‌كی وردتر بۆ ئه‌و بابه‌ته هه‌بێت، چونكه ئه‌مه پرسێكی هه‌ستیاره. ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019ی عێراق، ته‌نیا تا ساڵی 2020 به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌و پرسه‌ش په‌یوه‌ندیی به بژێوی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، بۆیه ده‌بێت به سه‌نگی هه‌ستیارییه‌كه‌ی، قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكرێت.
لە دوایین کۆبوونەوەی به‌شیر حه‌دداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، دڵنیایی ئەوە دراوە, كه ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، حکوومەتی ھەرێمیش دووپاتی دەکاتەوە, ئەوان پابەندی رێککەوتنەکەیانن لەگەڵ حکوومەتی عێراق ده‌بن، بەڵام پێویستە حکوومەتی عێراقیش پابەندی تەواوی بڕگە و مەرجەکان بێت, کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە.
H.B