سه‌رۆكی چین: ئێمه له مه‌ترسیداین.. كۆرۆنا به‌خێرایی ته‌شه‌نه ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
شی جین بینگ، سه‌رۆكی چین كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له نووسینگه‌ی سیاسی خۆی بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست به‌مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا سازكرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی چین دووپاتیكرده‌وه، "دۆخه‌كه زۆر مه‌ترسیداره و ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر به‌خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه".
له راپۆرتێكی ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ئه‌و وڵاته‌شدا ئاماژه به‌وه دراوه، بۆ هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته پزیشكی پسپۆڕ دانراوه، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری حاڵه‌ته تونده‌كان بكه‌ن، تاوه‌كو به‌هۆی تێچوونی زۆر چاره‌سه‌ركردنی تووشبووان دوانه‌كه‌وێت، هه‌روه‌ك پێداویستی پزیشكی ته‌واویش بۆ هه‌رێمی هۆبی و شاری وۆهانی پایته‌ختی ئه‌و هه‌رێمه دابینكراوه.
راپۆرته‌كه جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، پێویسته زانیاری تایبه‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه ترسناكه‌كه ورد و خێرا و به‌په‌له بن.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته‌ش رایانگه‌یاند، تا ئێستا 1287 حاڵه‌تی تووشبوو به هه‌وكردنی سی له ئه‌نجامی ئه‌و ڤایرۆسه له سه‌رانسه‌ری چین پشتڕاست كراونه‌ته‌وه، له‌ناویان دۆخی ته‌ندروستی 237 تووشبوو ناجێگیره.
لای خۆشیه‌وه لیژنه‌ی نیشتیمانی بۆ ته‌ندرووستی چین ئاشكرایكرد، تا ئێستا 41 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه، كه 39ـیان له له هه‌رێمی هۆبی، حاڵه‌تێك له ناوچه‌ی خه‌بی باكووری ئه‌و وڵاته و حاڵه‌تێكیش له هیلۆنگ جیانگ بووه.
هه‌روه‌ك 1965 حاڵه‌تی گومانلێكراویش به تووشبوون به‌و ڤایرۆسه تۆماركراون.
لیژنه‌ی ناوبراو روونیشیكرده‌وه، په‌تاكه له هه‌رێمی چینگهایش بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و ناوچه و هه‌رێمانه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ی تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه، گه‌یشته 30 ناوچه.
هاوكات 10 حاڵه‌تی تووشبوون به‌و په‌تایه له هه‌ریه‌ك له هۆنگ كۆنگ، ماكاو و تایوان پشتڕاست كراونه‌ته‌وه.
4 حاڵه‌تی دیكه‌ش له تایلاند، 3 حاڵه‌ت له ژاپۆن، 2 حاڵه‌ت له كۆریای باشوور، 2 حاڵه‌ت له ئه‌مه‌ریكا، 2 حاڵه‌ت له ڤێتنام، 3 حاڵه‌ت له سنگاپوره، 2 حاڵه‌ت له فه‌ره‌نسا و حاڵه‌تێكیش له نیپاڵ تۆماركراون.
H.B