نێچيرڤان بارزانى: خه‌ڵكی عێراق و سووريا شايه‌نى ژيانێكى باشترن

ئه‌م نه‌وه‌یه‌ چاویان لە ئایندەیە

K24 – هه‌ولێر:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى خه‌ڵاتكردنى براوه‌كانى فێستيڤاڵى كورته‌فيلمى "به‌ره‌و پێشه‌وه"‌ كرد، كه‌ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان UNP به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێ مرۆییەکان، کۆمەکى سەندووقى متمانەى هەرێمى، سەر بە یەکێتیى ئەورووپا بۆ بەدەمەوەهاتنى قەیرانەکانى سووریا، سندووقى متمانەى مەدەدى سەر بە یەکێتیى ئەورووپا ساز كرابوو.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی نێچيرڤان بارزانى

به‌خێرهاتنى نوێنه‌رانى یەکێتیی ئەورووپا و UNDP دەکەم کە هەردووکیان تەشریفیان لێرەیە. سوپاس و دەستخۆشییان لێدەکەم بۆ سازدانی ئەو ڕێوڕه‌سمه‌. ئەوەی کە بینیمان لەو فیلمانە بە شێوەیەکی گشتی، بەشێکی، زۆر بەداخەوە نه‌هامه‌تى و ناخۆشیی خەڵکی عێراق بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها گەلی سووریا دەردەخات، بەشێکی دیکەشی زیاتر دەرخستەی ئەو هیوا و ئاواتانەیە کە ئەو گەنجانە هەوڵیان داوە بە پیشاندانی ئەو کورتە فیلمانە پیشانی دونیای بدەن.

ئەوەی له‌ هه‌ر هه‌مووی گرنگتره ئەوەیە کە زیاتر گەلی عێراق، گەلی سووریا چاویان لە ئایندەیە. ڕابردوویەکی ناخۆش بووە، نه‌هامه‌تييه‌كان ناخۆش بوون، بەڵام ئەوەی کە دەرده‌کەوێ گەنجانی ئێمە هەموویان ڕوویان لە ئایندەیە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە عێراقیش دەگوزەرێ، لە بەغدا، لە شارەکانی دیکە، هەمووی ئەم نه‌وه‌ گەنجە بە هیواوە سەیری ئایندە دەکه‌ن. بە ڕاستیش خەڵکی عێراق و خەڵکی سووریا شایستەی ئەوەن کە ژیانێکی باشتریان هەبێ، دۆخێكى باشتریان هەبێ و هەموو پێکەوە بە خۆشی و شادی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان و وڵاتانی دراوسێ.

به‌و هيوايه‌ى ببینین لە ئایندەدا ئەم وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشی و خۆشی و بەرەو خێر بڕوات بۆ خۆی و بۆ میللەتەکەی و بۆ دراوسێکانی. بە هیوای ئەو ڕۆژە و پیرۆزبایی لە هەر هەمووتان دەکەم، بەخێر بێن.

زۆر سوپاس.