ئۆكتۆبه‌ر بووه‌ته‌ مانگی توڕه‌یی خه‌ڵكی 11 وڵاتی جیهان

هاووڵاتیانی 11 وڵات به‌ خۆپیشاندان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن

K24 – هه‌ولێر:

مانگی ئۆكتۆبەر، كە بە مانگی دەربڕینی تووڕەبوون دەناسرێت، تێیدا 11 وڵات لە 3 كیشوەردا رووبەڕووی زنجیرەیەك جووڵەی شه‌قام و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بوونه‌وه‌. دیارترین بیانو بۆ ئەنجامدانی ئەو خۆپیشاندانانە، خراپی دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ھەروەھا شكستی سیاسەتی حكومەتەكانە.

ھەڵمەتی خۆپیشاندانەكان لە ھۆنگ كۆنگەوە دەستیپێكرد، خۆپیشاندانێك كە بە ھەڕەشەیەكی نێودەوڵەتی ناسرا و باسێكی گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیدا ھێنا، لە ئەندوونیسیاش بەھەمان شێوە قوتابیان بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین، سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەی كە وەك دەستپێشخەرییەك بۆ یاسای تاوانباری خراوەتەڕوو.

سەبارەت بە عێراق و لوبنان، گرنگترینی ئەو داواكارییانەی كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەكرێت، باشتركردنی دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتییە و داوای گۆڕینی ریشەیی لەسەرجەم دامودەزگا حكومەییەكان دەكرێت بە گۆڕینی دەسەڵاتیشەوە، تاوەكوو ئێستاش ھەردوو حكومەتی عێراق و لوبنان بەدوای چارەسەرێك دەگەڕێن بۆ دەرچوون لەو قەیرانە.

ھاوكات لە ئەمه‌ریكای لاتین، ژمارەیەك وڵات بەھەمان شێوە دەستیان بە خۆپیشاندان كرد.

هه‌روه‌ها لە ئیكوادۆر، بەھەزاران كەس خۆپیشاندانێكیان رێكخست بەرەو كیتۆی پایتەخت، وەك ناڕەزایەتییەك بۆ ئەو بەدواداچوونانەی كە دەكرێت لە وڵاتەكەیان و تەنانەت دانیشتوانی چیلی و ھایتیش بەھەمان شێوە، بەھۆی مەترسییەكانی سەر ئابووری رژانە سەر شەقامەكان.

وڵاتانی ئەوروپیش بێبەش نەبوون لەو خۆپیشاندانەی لە ژمارەیەك وڵاتی جیھان ئەنجامدەدرێت، بە ھەزاران دانیشتووی ھەرێمی كەتەلۆنیا بەمەبەستی جەخت كردنەوە لەسەر داواكانیان بۆ سەربەخۆیی ئیسپانیا، رژانە سەر شەقامەكان و لە ئەنجامدا رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پۆلیس لێكەوتەوە.

له‌ شەقامەكانی فەرەنسا، كۆمەڵێك جووڵەی ناڕەزایی دەربڕینیان رێكخست، كە خۆی لە خۆپیشاندانەكانی ھێلەك زەردەكان و ھەروەھا  رێپێوانێكی ئەمنی و خۆپیشاندانەكانی دژ بە قۆرخكاری دەسەڵات دەگرێتەوە.

لە رووسیاش بەھەمان شێوە، مۆسكۆی پایتەخت بووە گۆڕەپانێك بۆ ناڕەزایی دەربڕین، لەھۆڵەنداش جووتیاران توڕەبوونی خۆیان لە سیاسەتی حكومەتەكەیان دەربڕیوە بەوەی كە زیان بە بەرژەوەندییەكانیان دەدات.

جگە لەم 11 وڵاتە، دیار نییە ئۆكتۆبەری تووڕە، چەند وڵاتی دیكە دەگرێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە وڵاتە پێشكەوتووەكانی وەك یەكێتی ئەوروپا و  جووتیارەكانی، دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، سەرەڕای ھەموو ئەمانەش دیار نییە لە مانگی تشرینی دووەمدا، داخۆ داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێدەكرێت، یاخوود دۆخەكە بەرەو خراپتریش دەڕوات. 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c286d506-dffb-4157-b7f7-41c287fcfd63/102119PGT.ism/manifest