زیاتر لە هەزار پێشمەرگەی یەکەی 80 خولێکی سەربازییان تەواوکرد

سەرۆک بارزانی ئامادەی مەراسیمی کۆتایی هێنان بە خولەکەیە

H.J

K24 – هه‌ولێر:

بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی مەراسیمی کۆتایی هێنان بە خولێکی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی یەکەی 80 لە سۆران بەڕێوەدەچێت.

لە خولەکەدا، هەزار و 139 پێشمەرگە مەشق و راهێنانیان پێکراوە و لە مەراسیمی کۆتایی هێنان بە خولەکەش، چەندین چالاکی و نمایشیی سەربازیی ئەنجام دەدرێت.

ئەو ژمارە پێشمەرگەیە، ماوەی 90 رۆژ مەشق و راهێنانی سەربازییان لە بنکەی مەشقی پیادەی هەولێر پێکراوە.

حوسەین جەواد بندیان، بەرپرسی یەکەی مەشقی پیادەی هەولێر لەبارەی مەشقەکانی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێشمەرگەکان فێری هونەری ئارامگرتن کراون و ئاستی توانای جەستییان بەهێزکراوە".

راشیگەیاند: "وانە تیۆری و پراکتیکی و دیسیپلینی سەربازییان پێدراوە و مەشقیشیان لەسەر چەکی سووک و مامناوەند کردووە".

نەجات عەلی، بەرپرسی یەکەی 80ی هێزەکانی پێشمەرگە لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند: "ئامانج لە خولەکە، بە دامەزراوەیی کردن و رێکخستنەوەی هێزەکانمان بوو. بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە روودەدات، پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بیری نیشتیمان پەروەریی ئەرکەکانی بەجێ بگەیەنێت".

ستایشی هێزەکانی پێشمەرگە کرد لە جەنگی دژ بە داعش و گووتی: "بە چەکێکی ساددە بەڵام بە بیروڕایەکی بەرزەوە پێشمەرگەی جەنگی دژ بە داعش کرد".

سوپاسی سەرۆک بارزانیشی کرد کە ئەرکی سەرپەرشتیاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی لە کاتی جەنگ دژ بە داعش گرتە ئەستۆ و لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەکان، داعش دووچاری یەکەم شکست لە تەواوی جیهان هات.

لەبارەی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، نەجات عەلی ئاشکرایکرد: "دۆخی ناوچەکە مەترسی تەقینەوەی لەسەرە و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بووە بە پێویستی".