كاردانه‌وه‌ی وڵاتان بۆ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دوو كه‌شتییه نه‌وتییه‌كانی كه‌نداوی عومان
K24- هه‌ولێر:
دوای رووداوی هه‌ردوو كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی كه‌نداوی عومان، كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه لایه‌نێكی نه‌ناسراو هێرشی كرده سه‌ری و زیانی پێگه‌یاند، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی میسر رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی زۆر له‌و رووداوه نیگه‌رانه كه له كه‌نداوی عومان روویدا.
ئه‌حمه‌د حافز، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و میسر دووپاتی كرده‌وه، "له پێناو دۆزینه‌وه‌ی راستییه‌كان، وڵاته‌كه‌ی به وردی چاودێری ئه‌و رووداوه ده‌كات، كه تێیدا ئاگر له دوو كه‌شتی نه‌وتهه‌ڵگر به‌ردرا و زیانیان پێگه‌یه‌ندرا، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه راستییه‌كان".
گوتیشی: "وڵاته‌كه‌ی هه‌ر كارێكی تێكده‌رانه شه‌رمه‌زار ده‌كات، كه هه‌ڕه‌شه له ئازادی ده‌ریاوانی بكات و ئاسایش و سه‌لامه‌تی ده‌روازه ئاوییه‌كان له ناوچه‌ی كه‌نداو بكاته ئامانج".
كوه‌یت: هه‌موو رێككارێكی ئه‌منیی پێویستمان گرتووه‌ته‌به‌ر:
لای خۆشیه‌وه كۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كوه‌یتی ئاماده‌یی خۆی بۆ هه‌ر كارێكی به‌په‌له نیشاندا و دووپاتیكرده‌وه، كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كانی كوه‌یت به ئاسایی له ناوچه‌كه هاتوچۆ ده‌كه‌ن.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له ئاژانسی هه‌واڵده‌ری كوه‌یتی "كۆنا" بڵاوكرایه‌وه، كۆمپانیای ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، هه‌موو رێككارێكی ئه‌منیی پێویستیان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی گه‌شتیگه‌له‌كانیان گرتووه‌ته‌به‌ر و گوتی: رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه له ئاوه‌كانی كه‌نداوی عومان و ناوچه‌كه هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كانیان نه‌بووه، به تایبه‌ت رووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، كه دوو كه‌شتی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له لایه‌ن لایه‌نێكی نه‌ناسراوه‌وه رووبه‌ڕووی هێرشێك بوونه‌وه‌ی.
كۆمپانیا كوه‌یتییه‌كه جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌وان له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره جیهانییه‌كانی ده‌ریاوانی به وردی چاودێری ئه‌و رووداوانه ده‌كه‌ن و دووپاتیكرده‌وه، به هه‌موو توانایه‌ك ئه‌ركی خۆی له‌مباره‌یه‌وه جێبه‌جێ ده‌كات، و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، كه‌شتیگه‌لی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گازی كوه‌یت سه‌رده‌میانه‌یه و هه‌موو مه‌رجه‌كانی ته‌ندرووستی و سه‌لامه‌تی كارمه‌ندانی تێدا ده‌سته‌به‌ركراوه.
به‌ریتانیا: له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له ناوچه‌كه له‌سه‌ر هێڵین
لای خۆیه‌وه حكوومه‌تی به‌ریتانیا له‌سه‌ر زاری وته‌بێژه‌كه‌ی نیگه‌رانی خۆی له‌باره‌ی ئه‌و راپۆرتانه نیشاندا، كه باس له روودانی ته‌قینه‌وه و ئاگركه‌وتنه‌وه له دوو كه‌شتی نه‌وتهه‌ڵگر له كه‌نداوی عومان ده‌كه‌ن و گوتی: "له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوخۆیی و هاوبه‌شه‌كانمان له ناوچه‌كه له‌سه‌ر هێڵ ده‌بین".
هه‌روه‌ك وته‌بێژی تێریزا مێی، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیاش دووپاتیكرده‌وه، حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان به‌په‌له به‌دوای ورده‌كاریدا ده‌گه‌ڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی راستیی چۆنیه‌تی ئه‌و رووداوه ئاشكرا بكات.
فه‌ره‌نسا داوا له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كه‌نداو ده‌كات دان به‌خۆدا بگرن:
هه‌رچی فه‌ره‌نسایه، كه خاوه‌ن بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له وڵاتی ئیمارات هه‌یه، داوا له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كه‌نداو ده‌كات، دان به‌خۆیاندا بگرن و هه‌وڵ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرژییانه بده‌ن، كه له ئه‌نجامی رووداوی دوو كه‌شتییه‌كه هاتوونه‌ته ئاراوه.
له‌مباره‌یه‌وه ئه‌گنیس فۆن دێر موڵ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌میانه‌ی لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "داوا له سه‌رجه‌م ئه‌و هاوبه‌شانه‌مان ده‌كه‌ین، كه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیانین، دان به‌خۆیاندا بگرن و گرژییه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ك جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوونمان به ئازادییه ده‌ریاوانییه‌كان ده‌كه‌ین، كه پێویسته و به شێوه‌یه‌كی ته‌واو و بێ كه‌م و كوڕی پارێزگاری له‌و ئازادیانه بكه‌ین".
ئه‌ڵمانیا: راپۆرته‌كان مایه‌ی نیگه‌رانیه‌كی زۆرن:
له لایه‌كی دیكه‌وه، هایكۆ ماس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا گوتی: ئه‌و راپۆرتانه‌ی باس له رووداوه‌كه‌ی كه‌نداو ده‌كه‌ن، جێگای نیگه‌رانییه‌كی زۆرن.
دوای گه‌شته‌كه‌ی بۆ ئێران و وڵاتانی ناوچه‌كه، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ماس گوتی: "روودانی هه‌ر گرژییه‌ك له دۆخه‌كه زۆر مه‌ترسیداره، له‌كاتێكیشدا ئێمه پێویستیمان به كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانه، هه‌ندێك رووداو هاتوونه‌ته ئاراوه، كه ئاستی گرژییه‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه پێویسته هه‌موو لایه‌ك كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرژی و ئاڵۆزیانه بكه‌ن".
یه‌كێتی ئه‌وروپا: كه‌نداو پێویستی به هه‌ڵچوونی زیاتر نییه:
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، یه‌كێتی ئه‌وروپا داوا له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كات، به هه‌موو تواناكانیانه‌وه دان به‌خۆیاندا بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه له ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیری زیاتر بپارێزن.
فێدریكا مۆگرینی، وته‌بێژی كۆمسیۆنی كاروباری ده‌ره‌وه له یه‌كێتی ئه‌وروپا دووپاتیكرده‌وه، "ناوچه‌كه پێویستی به گرژی و ناسه‌قامگیری زیاتر نییه، بۆیه داوا له وڵاتان ده‌كه‌ین، له‌پێناو دانبه‌خۆداگرتن زۆرترین فشار له‌خۆیان بكه‌ن و ئاڵۆزییه‌كان به‌لاوه بنێن".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، ئه‌م رووداوه نزیكه‌ی مانگێك دوای ئه‌وه دێت، كه له رووداوێكی هاوشێوه‌دا هێرشی سه‌ر 4 كه‌شتی بازرگانی له نزیك به‌نده‌ری فوجه‌یره‌ی ئیمارات كرا و زیانی زۆریان پێ گه‌یه‌ندرا، ئه‌مه‌ریكاش په‌نجه‌ی تۆمه‌تی هێرشه‌كه‌ی بۆ ئێران درێژكرد.
له رووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆشدا زیان به هه‌ردوو كه‌شتیی نه‌وتهه‌ڵگری FRONT ALTAIR وKOKUKA COURAGEOUS گه‌یه‌ندرا، كه ئاڵای دورگه‌كانی مارشال و په‌نه‌ما له‌سه‌ریان هه‌ڵكرابوو و، وه‌زاره‌تی بازرگانی ژاپۆن رایگه‌یاندبوو، باری ناو كه‌شتییه‌كان تایبه‌ت بوو به وڵاتی ژاپۆن.
ئاژانسی هه‌واڵده‌ری فه‌رمی ئێرانی "ئێرنا"ـش ئاشكرایكرد، 44 كه‌سیان له تیمی ده‌ریاوانی ئه‌و دوو كه‌شتییه رزگاركردووه، كه له قه‌ته‌ر و سعوودیه‌وه به‌ڕێكه‌وتبوون.
H.B