رێگای حاجی ئۆمەران داخرا
K24 - ھەولێر
بەھۆی بارینی بەفری زۆر لە دیوی ئێران ئاستەنگ بۆ ھاتووچۆ دروستبووە و رێگای حاجی ئۆمەران - پیرانشار داخرا، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای گومرگی حاجی ئۆمەرانیش داوا لە ھاووڵاتیان و شوفێران دەكات بە مەبەستی بازرگانی و گەشتیاری روو لە دەروازەكە نەكەن.
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی گومرگی حاجی ئۆمەران بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە دیوی ئێران رێگا لە بەفر پاكنەكراوەتەوە، بۆیە ئاستەنگ بۆ ھاتووچۆ دروستبووە و ئێستا گەشتیار و بازرگانان ناتوانن ھاتووچۆ بكەن".
گوتیشی: "داوا لە گەشتیار و بازرگانانی ھەرێمی كوردستان دەكەین بە ھیچ شێوەیەك روو لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران نەكەن".
ئاماژەی بەوەشكرد: "لە دیوی ھەرێمی كوردستان رێگاكە پاككراوەتەوە، بەڵام لە دیوی ئێران ئاستەنگ دروستبووە، تا ئێران رێگاكە پاك نەكاتەوە ناتوانرێت ھاتووچۆ بكرێت".