مه‌یدانه‌كانی عێراق گڕ ده‌گرێ و ئێران نایه‌وێ په‌راوێز بخرێ
K24 - هه‌ولێر:
قه‌بوڵكردنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه نه‌بووه هۆی راوه‌ستانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له عێراق، كۆتایشی به مانگرتن و داپڵۆسین نه‌هێنا، هێشتا له نه‌جه‌ف و به‌سره و كه‌ربه‌لا و زیقار خه‌ڵكێكی زۆر له‌سه‌ر شه‌قام و مه‌یدانه‌كانن. هۆزه‌كانی ئه‌لغزی و ئه‌لبه‌دوور و عباده و ساده و موسه‌ویه و ساده‌ی حوسه‌ینییه و ره‌بیعه و ته‌میم و تیره و هۆزه‌كانی دیكه له نه‌جه‌ف و ناسریه هاتوونه‌ته سه‌ر ریزی خۆپیشانده‌ران و پاڵپشتیان ده‌كه‌ن.
پاش گه‌یشتنی سه‌رۆكی ئه‌و هۆزانه بۆ پرسه‌ی كوژراوانی خۆپیشاندانه‌كان كه به ده‌ستی هێزه چه‌كداره‌كان كوژراون، ده‌ستبه‌جێ ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه و داوای به سزاگه‌یاندنی بكوژران و جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانیان كردووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشڤه‌چوونه مه‌یدانیانه‌دا باسی بوونی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ده‌كرێت كه له عێراقه. بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری گفتوگۆكان بێت له‌باره‌ی پێشڤه‌چوونه ئه‌منی و سیاسییه‌كان، ئه‌وه‌ش واتای هاتنه ناوه‌وه‌ی راسته‌وخۆی ئێرانه له دیاریكردنی جێگره‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی.
په‌یوه‌ست به‌و بارودۆخه عه‌لی لاریجانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شورای ئیسلامی ئێران گوتوویه‌تی: "ئێران له پێشڤه‌چوونه‌كانی بارودۆخی عێراق نیگه‌ران نییه، چونكه به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كه كه‌وتووه‌ته ده‌ست ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق، بارودۆخه‌كه‌ش به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت به ژیریی و حكمه‌ت چاره‌سه‌ر بكرێت، هه‌ر كاتێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوای هاوكارییش له ئێران بكرێت، ئاماده‌ین".
لاریجانی ره‌تیكرده‌وه بارودۆخی عێراق كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێران هه‌بێت و له‌وباره‌یه‌وه گوتوویه‌تی: "عێراق هاوپه‌یمانێكی ئاسایی ئێرانه، له‌باره‌ی بارودۆخی عێراقه‌وه هیچ نیگه‌ران نین، چونكه سیاسی و زانای لێهاتووی زۆری تێدایه".
په‌رله‌مانتارێكی عێراقیش به رۆژنامه‌ی "العربي الجديد"ـی گوتووه: "پرۆسه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ زۆر قورس ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئێران هاتووه‌ته ناو هاوكێشه‌كه‌وه و هه‌وڵ ده‌دات بۆچوونه‌كانی خۆی له‌و رووه‌وه بسه‌پێنێ".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، تاران نایه‌وێت كه‌سێك له ده‌ره‌وه‌ی هێزه سه‌ره‌كییه سیاسییه شیعییه‌كانه‌وه بێت و ببێت به سه‌رۆك وه‌زیران".
ئه‌و په‌رله‌منتاره كه نه‌یویستووه رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كه ناوی بنووسێ پێیوایه، پێشتر موقته‌دا سه‌در په‌له‌ی كردووه له ده‌ستبه‌رداربوونی لیسته‌كه‌ی له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌هۆی فشاره‌كانی ئێرانیشه‌وه رووی له چه‌ند هێزێكی سیاسی عێراقی كردبوو".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه فایه‌ق شێخ عه‌لی، په‌رله‌مانتاری عێراق له تویته‌ره‌وه رووی قسه‌كانی كردووه‌ته قاسم سوله‌یمانی و نوسیوویه‌تی: "ده‌مه‌ویت ئاگادارت بكه‌مه‌وه شكستتهێناوه له فه‌رمانڕه‌وایی عێراق، چونكه ئه‌وانه‌ی درووستتكردن و ده‌سه‌ڵاتت دایه ده‌ستیان، دز و پیاوكوژ ده‌رچوون".