نووسەرێکی کورد کۆچی دوایی کرد
K24 – ههولێر:
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، شاعیر، نووسەر و رەخنەگر بەکر پشدەری لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
لە راگەیەندراوێکدا لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد بڵاویکردەوە، کاتژمێر 6ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 17/04/2019 شاعیر و رەخنەگر ئەبوبەکر ئەحمەد قادر ناسراو بەکر پشدەری بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد .
بەکر پشدەری لە ساڵی 1961 لە ناحیەی هێرۆی سەر بە قەزای پشدەر لەدایک بووە و دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە.
ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد بووە و ژمارەیەک کتێبی لە بواری هۆنراوە، نووسین و رەخنەی ئەدەبیدا بە چاپ گەیاندووە، هەروەها هەندێک لە هۆنراوەکانی لە لایەن گۆرانیبێژانەوە کراون بە گۆرانی.
H.J