راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان

"ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا عه‌ڵلاوی ناویه‌تی بۆ زۆرێك له لايه‌نه‌كان جێگه‌ى دڵنيايى و متمانه‌ نين"

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ شاندی دانوستانكاری هه‌رێمى كوردستان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق تێیدا به‌شدار بوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانى سه‌ردانى شاندى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ عێراقييه‌كان و محه‌ممه‌د عه‌للاوى، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووی عێراق، كرا.

دواتریش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌و ئه‌نجامانه‌ خرانه‌ روو، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ و بریتین له‌:

1- كار بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تێك ده‌كه‌ين، كه‌ تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئێستاى عێراقى هه‌بێت و كارى جیددى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيریى بۆ عێراق و ئاماده‌كاریى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بكات و جێگه‌ى بڕوا و متمانه‌ى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بێت.

2- ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا له‌لايه‌ن عه‌ڵلاوييه‌وه‌ نراون، بۆ زۆرێك له لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنيايى و متمانه‌ نين، بۆيه‌ پێويسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ شێوازى كار و به‌رنامه‌كه‌يدا بكرێته‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ حكوومه‌تى ئاينده‌، داخوازيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق، بهێنێته‌ دى.

3- داكۆكى و پێداگرى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌، پێكهاته‌كانى كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نیا لايه‌نى شه‌رعيى بڕيارده‌رن له‌ ده‌ستنيشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شيى ڕاسته‌قينه‌ى نيشتمانى و هاوسه‌نگیى و سازان.

4- ئێستا عێراق ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌ددياتى گه‌وره‌ى ناوخۆيى و ده‌ره‌كى بووه‌ته‌وه‌ و به‌ وه‌رچه‌رخانێكى مه‌ترسيدارى مێژووييدا تێده‌په‌ڕێت، بۆيه‌ پێويسته‌ سه‌ركرده‌ سياسييه‌كانى عێراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنيشن و بگه‌نه‌ بڕيارێكى يه‌كگرتووى نيشتمانى.

5- له‌پێناو هێنادى ئه‌م ئامانجانه‌دا، شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى ديكه‌ى عێراق له‌ گفتوگۆ و ڕاگۆڕينه‌وه‌ به‌رده‌وامدا ده‌بێت.

H.B