باس له‌ هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ده‌كرێت

"ئه‌گه‌ر به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت به‌ر له‌ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی بودجه‌ پاشه‌كه‌وت هه‌ڵده‌گیرێت"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای دەکات بەغدا بەشە مووچەی فەرمانبەران بنێرێت پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران پێش پەسەندکردنی پرۆژە یاسای چاکسازی هەڵدەگیرێت. پەرلەمانتارێکی کۆمەڵیش دەڵێت: پێویسته‌ پرۆژە یاسای چاکسازی پەسەند بکرێت و بخێریتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئه‌وه‌ی مووچەی فەرمانبەران بێ پاشکەوت دابەشبکرێت.

له‌كاتێكیشدا هەولێر و بەغدا لەسەر رێککەوتن بۆ پرۆژە یاسای بودجەی 2019 ی عێراق نزیك بوونه‌ته‌وه‌، بەپێ لێدوانی هەردوولا بێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە زیاد دەکرێت، له‌مباره‌شه‌وه‌ زانا مەلا خالید، پەرلەمانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "بە ناردنی پارەی پێوست بۆ مووچەی فەرمانبەران به‌بێ پەسەندکردنی پرۆژەکە، پاشکەوتی مووچە هەڵدەگیرێت، بەڵام دەستبەرداری پرۆژەکە نابین".

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، موسلیم عەبدوڵا قەسری، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "پێویسته‌ پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت" و، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات"دەبێـت هەڵگرتنی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران ببێته‌ پێشینه‌ی کارەکانی حکوومەتی داهاتوو".

له‌ساڵی 2016ـه‌وه‌، حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان بەشێوەی پاشکەوت مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکات و، دوو رێگە هەیە پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی پێ هەڵگیرێت، ئەوانیش: پەسەندکردنی پرۆژە یاسای چاکسازی و رێککەوتنی هەولێر و بەغدایە لەسەر پرۆژە یاسای بوودجە.

H.B