پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر کاندیدانی چوار وەزارەت دەدات

ئەمڕۆ ناوی کاندیدەکان پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت

K24 – هه‌ولێر:

ئێوارەی ئەمڕۆ ناوی کاندیدی وەزارەتەکان پێشکەشی پەرلەمانی عێراق دەکرێت و لە کۆبوونەوەی سبەینێشدا دەنگیان لەسەر دەدرێت.

عامر فایز، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی فەتح رایگەیاند، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر وەزارەتە ماوەکانی کابینەی حکومەت بەردەوامە و بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان ئەو پرسە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان.

گوتیشی، لە کۆبوونەوەی سبەی ناوی تەواوی وەزارەتەکان پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ناوی هەندێک لە کاندیدەکان بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان گۆڕانکاری بەسەر دێت.

تاکو ئێستا وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، داد و پەروەردە لە بەغدا بێ وەزیرن، چەند جارێکیش پەرلەمان بۆ یەکلا کردنەوەی ناوی کاندیدەکان هەوڵی کۆبوونەوەی داوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان شکستی هێناوە.

لە 18/05/2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دراوە و تاکو ئێستاش کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی بە تەواوی پێکنەهێنراوە.

H.J