پێنجەم حاڵەتی مردن بەهۆی جگەرەی ئەلیکترۆنی تۆمار کرا

هۆشداریی تووند لەبارەی کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەدرێت

K24 – هه‌ولێر:

تا دێت قوربانیانی دەستی جگەرەی ئەلیکترۆنی زیاتر دەبن و پێنجەم حاڵەتی مردن لە ئەمەریکا بەهۆیەوە تۆمار کرا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی مێترۆ، تاکو ئێستا تەنها لە ئەمەریکا، 450 کەس بەهۆی کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنی دووچاری نەخۆشی تووندی سییەکان بوونەتەوە.

مانگی رابردوو، یەکەم حاڵەتی مردن بە جگەرەی ئەلیکترۆنی تۆمار کرا و تا دێتیش ئەو ژمارەیە زیاد دەکات.

دانا میانێی دێلمان، پزیشک لە سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمەریکا،رایگەیاندووە: "تا ئەو کاتەی بە تەواوی بەدواداچوونەکانمان تەواو دەبن، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین لە کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنی خۆیان بە دوور بگرن چونکە بەم کارە خۆیان لە نەخۆشی مەترسیداری سییەکان دەپارێزن".

یەکێتی ڤەیپی (جگەرەی هەڵم یان ئەلیکترۆنی) ئەمەریکا لەو بارەیەوە هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە و دەڵێن، نەخۆشییەکان بەهۆی فرۆشتنی دڵۆپێنراوەکەی ناویەتی بە شێوەیەکی نایاسایی کە ماددەی ژەهراوی THC تێدایە.

لێن هۆرۆڤیتز، پزیشک لە نەخۆشخانەی لێنۆکس هیلی شاری نیویۆرک پێی وایە، سییەکانی مرۆڤ رۆنی گەرم کراوی ناوێت و کاردانەوەی دەبێت، لە جگەرەی ئەلیکترۆنی، رۆنی ڤیتامین ئی هەیە و دەهەڵمێنرێت.

زۆر کەس بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەبری جگەرەی ئاسایی بە تەندروستتر دەزانن، بەڵام هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە، کاریگەرییە خراپەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی هێواش هێواش دەردەکەون و ئەویش هیچی کەمتر نییە لە زیانەکانی جگەرەی ئاسایی.

H.J