مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە

"دوای نەورۆز سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت"

K24 – سلێمانی:

ئەمڕۆ شەممە 16/03/2019، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و باس لە پرسی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "دوێنێ پارتی پەیامێکی بۆ یەکێتی ناردووە و پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان دووپاتکردووەتەوە".

پارتی نیازی هەیە لە دوای پشووەکانی نەورۆز، سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت و دواتر سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکوومەتی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی رابسپێرێت، یەکێتیش ئەم پرسە تاوتوێدەکات.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، یەکێتی داوای پۆستی نوێی لە پارتی کردووە و ئەمڕۆش بڕیار لەسەر پۆستەکانی لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێم دەدات.

H.J