حەشدی شەعبی رێگری لەگەڕانەوەی جێگری پارێزگاری نەینەوا ده‌كات

چوار له‌ پاسه‌وانانیشی ده‌ستگیرده‌كه‌ن هێزێكی پێشمه‌رگه‌ فریایان ده‌كه‌وێت

K24 - هه‌ولێر:

هێزەکانی حەشدی شەعبی سەر بە وەعد قەدۆ و سوپای عێراقی رێگری لە گەڕانەوەی جێگری پارێزگاری نەینەوا دەکەن و بۆ ماوەیەکی کاتی چوار زێرەڤانی دەستگیر دەکەن.

ئێوارە ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەی هەر یەك لە سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا و شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری عێراق لە بازگه‌یەکی مووسڵ لە لایەن لیوای 30 حەشدی شەعبی کە وەعد قەدۆ سەرپەرشتی دەکات و لە ماوەی رابردوو دا لە لایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرا و هێزێکی سوپای عێراق، رێگریان لێدەکرێت و سووکایەتیان پێدەکرێ.

سیروان رۆژبەیانی بە کوردستان24 ی رایگەیاند، لەکاتی گەڕانەوەیان لە دەوامی رۆژانە بە چەندین بازگە بێ کێشە تێپەڕ دەبن، بەڵام لە بازگەی پێش کۆتایی چەکدارانی حەشدی شەعبی سەر بە وەعد قەدۆ و سوپای عێراق رێگریان لە دوایین ئۆتۆمبێلی ئەوان کرد و ویستیان چەند پاسەوانێکیان دەستگیر بکەن، بۆ ئەمەش تەقە لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان کرا.

سیروان رۆژبەیانی ئاماژەی به‌وه‌ کرد بە هۆی هاووڵاتی سڤیل لە بازگەکە فەرمانی بە پاسەوانەکانی کرد کە تەقە نەکەن، بەڵام حەشدی شەعبی بەردەوام بوو لە تەقەکردن و دوای بەهاناوەهاتنی پێشمەرگە دەربازیان دەبێت، بەڵام چوار پێشمەرگە کە پاسەوانی ئەوان بوون دەستگیر دەکرێن و رووبەرووی ئەشکەنجە و سووکایەتی دەبن، دوای هەوڵدانێكى زۆر و هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن ئازاد دەکرێن.

جێگری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت: "حەشدی شەعبی لە نەینەوا دەسەڵاتدارە و تەنانەت گوێ بەفەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش نادات، گەر نا چۆن دەکرێ رێگری لە جێگری پارێزگاری نەینەوا بکەی و سووکایەتی پێ بکەی، هۆکاری ئەو رێگرییەش دەگێه‌ڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە وەکو پارتی ديموكراتى كوردستان، کاری باشیان لە نەینەوا کردووە و خەڵك پێشوازی گەرم لە ئەوان دەکات و حەشد رەتدەکاتەوە، بۆیه‌ دەیانەوێ رێگری لە کارەکانیان بکرێت.

لیوای 30 سەر بە حەشدی شەعبی کە وەعد قەدۆ فەرماندەییان دەکات، لە ماوەی رابردوودا لەلایەن ئەمه‌ریکا سزای بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، هەروەها تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی و رێگریکردن لە گەرانەوەی ئاوارەکان.

ئ. م