وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی نوێ دەدات

لە یەكەمین كۆبوونەوەی وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێك درا

K24 - ھەولێر

لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی لەبارەی دەوام و گۆڕانكاری لە چەند پەرتوكێكی قۆناخی بنەڕەتی و ھەندێك بابەتێكی دیكە دا.

لە كۆبوونەوەی وەزارەتی پەروەردە كە رۆژی دووشەممە 19/8/2019 بەڕێوەچوو ئەم بڕیارانەی خوارەوەی تێدا دراوە:..

1- دیاریکردنی رۆژی (1/9/2019) بە رۆژی دەستبەکاربوون (مباشرە)ی مامۆستایان و دیاریکردنی رۆژی شەممە، رێکەوتی (21/9/2019) بە یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن (2019 – 2020) لە هەرێمی کوردستان.

2- پێکهێنانی لیژنەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، بە سەرۆکایەتی بەڕێز مامۆستا (بورهان عەبدوڵڵا عادل) تایبەت بە کەمکردنەوەی رۆتین و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کارگێڕی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان  لە پارێزگاکان و پەروەردەی قەزاکان، لەگەڵ پیادەکردنی پێوەری چاودێری پێویست.

3- پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەکان، بەسەرۆکایەتی راوێژکار مامۆستا (بورهان عەبدوڵڵا عادل) و ئەندامێتی هەریەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی مامۆستا (ئەحمەد سمایل رەحمان) و (شیلان خەلیل جنید) و (جەلال هەمزە کاکەشین) و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، بۆ ساڵی خوێندنی (2020 – 2021).

4- پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی میکانیزمی دانانی بانکی پرسیار تایبەت بە ئەزموونەکانی قۆناغی (12)ی ئامادەیی، بە سەرۆکایەتی مامۆستا (کەریم لەتیف) بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان، ئەندامێتی مامۆستا (کاوە عومر) و بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، لەماوەی چوار مانگدا پێویستە کارەکانیان تەواو بێت.

5- رێگەنەدان بە کردنەوەی خولی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە.

6- هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بە ئینگلیزی کردنی هەردوو بابەتی (بیرکاری و زانستە گشتیەکان) تایبەت بەقۆناغی فێرکردنی بنەڕەتی کە لە ساڵی خوێندنی (2015 – 2016)ەوە دەستیپێکردووە، هاوکات بڕیاردرا بۆ گرنگیدان بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی راوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆرانی بواری زمان لە زانکۆکانی کوردستان بکرێت.

7- پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە و ئەندامێتی هەریەکە لە ڕاوێژکار مامۆستا (بورهان عەبدوڵڵا عادل) و بەڕێوەبەرانی گشتی (مەریوان بەگۆگ) و (بەکر کەریم) و بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان (هۆزان تەحسین)، بە مەبەستی پێداچوونەوە  و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (14)ی ساڵی (2012) و رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2016)ی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان.

ھ.م