پیتەر چیک دەبێتە یاریزانی هۆکی سەر شەختە

هیوایەتی منداڵی دوای چەندان ساڵ دەهێنێتە دی و رۆژی یەکشەممە یەکەم یاریی ئەنجام دەدات

پیتەر چیک دوای ساڵانێکی زۆر دەگەڕێتەوە سەر هیوایەتی منداڵی و دەبێتە یاریزانی هۆکی سەر شەختە، رۆژی یەکشەممە یەکەم یاریی وەکو یاریزانێکی هۆکی سەر شەختە لە یانەیەکی ئینگلیزی ئەنجام دەدات.
دوای وازهێنانی لە یاریکردن، پیتەر چیکی گۆڵپارێزی چیکی پێشووی ئارسێناڵ و چێڵسی ئینگلیزی گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی گێڵدفۆرد فینێکسی ئینگلیزی واژوو کردووە کە ئەو یانەیە لە ریزی یانە پلە چوارەکانی بەریتانیا یاریی دەکات و رۆژی یەکشەممە پیتەر چیک لە یەکەم یاریی خۆی لە یارییە نوێیەکەیدا رووبەڕووی یانەی سویندۆن وایڵدکاتس دەبێتەوە.
پیتەر چیک لە پرێمەرلیگ لە ماوەی 15 ساڵ یاریکردنی 202 یاریی گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتەوە و پێشتر چەند جارێک رایگەیاندبوو لە منداڵییەوە حەز بە یاریی هۆکی سەر شەختە دەکات و سەرەتا دەیویست ببێتە یاریزانی هۆکی سەر شەختە، نەوەک گۆڵپارێزی یاریی تۆپی پێ.