عادل عەبدولمەهدی دوو کاندیدی نوێ بۆ پۆستە پڕنەکراوەکانی حکوومەتەکەی دەداتە پەرلەمان

سەرۆک وەزیرانی کاندیدی خۆی دەداتە پەرلەمان

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی ناڕەزایی کوتلە سیاسییەکان و ناکۆکی لەسەر کاندیدکردنی فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ و فەیسەڵ جەربا بۆ وەزارەتی بەرگریی، پۆستە بەتاڵەکانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی پڕ نەکراونەتەوە.

هاوکات، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تاکو ئێستا لەسەر یەکلایی کردنەوەی کاندید بۆ پۆستی وەزارەتی داد رێکنەکەوتوون کە ئەو وەزارەتە پشکی کوردە.

سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی ئاشکرایکردووە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممەی داهاتوو، کاندیدی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ پێشکەش بە پەرلەمان دەکات دوای ئەوەی پارتە سیاسیەکان کاندیدیان بۆ ئەو پۆستانە پێشکەش بە عەبدولمەهدی نەکرد.

سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی ده‌وڵەتی یاسا, کە خاوەنی 26 کورسیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق, رایگەیاند، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، فەریقی یەکەم عوسمان غانمی کاندیدی عادل عەبدولمەهدیە بۆ وەزیری بەرگریی.

راشیگەیاندووە، فەریق موفەق جەنابی کە بریکاری وەزارەتی ناوخۆیە بۆ کاروباری پۆلیس، کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ وەزیری ناوخۆ.

رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دا، بەڵام وێڕای تێبەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر پێکهێنانی حکوومەت، تاوەکو ئێستا پۆستی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ و داد یەکلایی نەکراونەتەوە.

لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی رایگەیاند، دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەت و کۆتاییهێنان بە پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن.

سەرچاوە: ئەنادۆڵ و میدیا عێراقییەکان

H.J