خەڵكی مووسڵ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌مپه‌كان

"دۆخی ئه‌منی و ئابووری مووسڵ خراپه‌"
kurdistan24.net

K24 - مووسڵ

خراپی دۆخی ئەمنی و ئابووری مووسڵ وایکردووە خەڵکی شارەکە ئاوارەیی هەڵبژێرنەوە و بگەڕێنەوە کەمپەکان، کچێک دەڵێ "هێزە ئەمنییەکان براکەمیان برد و کەس نازانێت لە کوێیە و بۆ كوێیان بردووە؟".

بە گوێرەی زانیارییەکانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی رۆژانە 30 بۆ 40 خێزان دەگەڕێنەوە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری نوێی نەینەواش گەڕانەوەی ئاوارەکان بە پرسێکی ئاڵۆز ناودەبات و داوای هاوکاری دەکات.

ئامینە، خەڵكی مووسڵە دوای ئازاد كردنی شارەكەیان ئەو گەڕایەوە سەر ماڵ و حاڵیان، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە ژیانی كەمپیان ھەڵبژاردووەتەوە، ئەو بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە مووسڵ براکەمم لەدەستدا، ئەو لەلایەن سوپاوە دەستگیرکراوە و تائێستا کەس چارەنووسی نازانێت، ئێستا ئێمە ناوێرین بگەڕێینەوە، ترسمان لە سوپا هەیە و لە هەمان کاتدا ترسمان لە گەڕانەوەی داعشیش هەیە".

ئاوارەیەكی دیكەی مووسڵ بەناوی سافیە دەڵێ: "لە مووسڵ هیچ کار و کەسابەتێک نییە، ھاوسەرەكەم کوژراوە و منداڵەکانم بچووکن، ماڵم وێران بووە، ئێمە لە 16ی نیسانی 2016ەوە لە کەمپ دەژین، بەڵام پێمانوایە جارێ مووسڵ بۆ ژیان نەشیاوە".

سەرەتای ئەمساڵ هەموو لایەنەکان گرەویان لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرد، بەڵام دەرەنجامی گرەوەکان پێچەوانە بوون، بەجۆرێک ئێستا گەڕانەوە بۆ کەمپ دەستی پێکردووەتەوە و رۆژ نییە چەندین خێزان شار و ماڵی خۆیان جێنەهێڵن.

رەشید دەروێش، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی کەمپەکانی خازر بە كوردستان24ی گوت: "ھۆكار زۆرن كە ئاوارەكان دەگەڕێنەوە كەمپ، یەكێك لە ھۆكارەكان ئەوەیە كە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە، ھەروەھا كەمی خزمەتگوزاریی و نەبوونی كار وكەسابەت ھۆكاری سەرەكین، چونكە خەڵك ھیچ داھاتێكی نییە تا پێی بژین".

گوتیشی: "رۆژانە 30 تا 40 خێزان دەگەڕێنەوە كەمپەكان، لە سەرەتای ساڵی 2019 تا ئێستا زیاتر لە 550 خێزانمان لە كەمپەكان وەرگرتووە".

مەنسور ئەلمەرعید، پارێزگاری نەینەوا بۆ كوردستان24 باسی لە كێشەكانی خەڵك لە مووسڵ كرد و گوتی: "کێشەی زۆر ئاڵۆز هەن کە بوونەتە هۆی نەهێشتنی متمانە و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان، گەڕانەوەی ئاوارە پرسێکە تەنها بە من ناکرێت چارەسەر بکرێت، بەڵکو پێویستە فەرمانگەکانی دیکەی دەوڵەت و سوپا و ئەنجوومەنی پارێزگا و بەغداش هاوکار بن، بەشێکی پرسەکە ئابوورییە و بەشەکەی دیکە ئەمنییە".

ھ.م