4 ئه‌ندامی خێزانێك دڵیان له‌لای راستی جه‌سته‌یانه‌

جگه‌ له‌ دڵ گه‌ده‌ و جگه‌ریشیان كه‌وتۆته‌ لای راست
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

چوار ئەندامی خێزانێک لە گوندێكی نزیك سلێمانی، حاڵەتێکی دەگمەن و جیاوازیان ھەیە، ئەویش ئەوەیە دڵیان لەبری ئەوەی له‌ لای چەپ بێت، كه‌وتۆته‌ لای ڕاست، پزیشکانیش دەڵێن, ئه‌مه‌ ھیچ مەترسییەکی نییە و لە 15 ھەزار کەس لە جیھاندا، حاڵەتێکی له‌م جۆره‌ ڕوو ده‌دات.

شۆخان، چیرۆکی ئاشکرابوونی حاڵه‌ته‌كه‌یان بۆ نەخۆشكه‌وتنی براکەی ئەگەڕێنێتەوە، کاتێک له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا لە نەخۆشخانە پکشنینيان بۆ کردووە و دەرکەوتووە, منداڵە گەورەکەشى ھەمان حاڵەتی ھەیە.

شۆخان مه‌حموود، كه‌ ئه‌ندامێكی ئه‌و خێزانه‌یه‌ ده‌ڵێت: "دواى ئه‌وه‌ی برای منیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ هێنایه‌وه‌، پێیان گوتین ده‌بێت هه‌مووتان بچن پشكنینی پزیشكی بكه‌ن، ئه‌وان چوون، به‌ڵام من نه‌چووم".

باوکی شۆخانيش باس لەوە دەکات, کە ھەرگیز پکشنینی بۆ منداڵەکانی نەکردووە، کاتێکیش پزیشکەکان بە حاڵەتەکەیان زانیوە، پێیان سەیر بووە، کە چۆن 4 ئەندامی خێزانیک دڵیان لای ڕاستە.

ھەر نەوەیەکی نوێ بێتە ناو دنیای ئەم خێزانە، زوو پشکنینی بۆ ئەکرێت، چونکە دڵنیا نین له‌وه‌ی ھەمان حاڵەت دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، بەڵام ترسیان نیيە، چونکە پزیشکەکان دڵنیایان کردوونەتەوە، کە دڵ لەلای ڕاستیش بێت، مەترسیی له‌ سەر ژیانیان نابێت.

له‌باره‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش، فەریدون ئەسعەد, پسپۆری نەشتەرگەری دڵ ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ حاڵه‌تێكی زۆر ده‌گمه‌نه‌، وه‌ك حاڵه‌تێكی باو نییه‌، كه‌ له‌ باوانه‌وه‌ بۆ وه‌چه‌كان بمێنێته‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندرووستیان نییه‌، ژیانێكی ئاسایی و ته‌مه‌نێكی ئاسایی به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ دڵیان له‌ لای راسته‌، پێویسته‌ پشكنینیان بۆ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ دڵنیا بنه‌وه‌، ئاخۆ حاڵه‌ته‌كه‌یان به‌س ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دڵیان لای راسته‌، یانیش حاڵه‌تی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ دایه‌".

بە گوتەی پزیشکان، حاڵەتەکە پەیوەندیی بە باوانەوە نییە، بەڵکو لە ھەر ١٥ ھەزار کەس، حاڵەتێکی وا دەگمەن ڕوو دەدات، دەگمەنتر لەوەش، چوار ئەندامی خێزانەکە، تەنیا دڵیان لەلای ڕاست نییە، بەڵکو گەدە و جگەریشان لەبری چەپ، لای ڕاستی جه‌سته‌یانە.

H.B