مووچەی پێشمەرگە هاوتای ھێزەكانی ناوخۆ دەكرێت

چەند پێشمەرگەیەك سكاڵا دەگەیەننە پەرلەمان

K24 - ھەولێر

لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژەیاسایەك لەبارەی ھاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ، ھەروەھا خانەنشینیی ھێزەكانی ئاسایش، ئامادە دەكات.

نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند سكاڵایەك دەكەین، كە لەلایەن ژمارەیەك پێشمەرگە بە دەستمان گەیشتوون".

گوتیشی: "سەرقاڵی ئەوەین پڕۆژەیاسایه‌ك بۆ ھاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە بە ھێزەكانی ناوخۆ، ھەروەھا خانەنشینكردنی كارمەندانی ھێزەكانی ئاسایش، ئامادە بكەین و ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لەگەڵ حكوومەتیش كۆدەبینەوە و بۆچوونی ھێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش وەردەگرین، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبەرچاوبێت، كه‌ ھێشتا كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێك نەھێنراوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "پڕۆژەیاسایەك بۆ یەكگرتنەوەی ھەموو ئەو ھێزانەی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، ئاماده‌ كراوه‌".

ھ.م