"كه‌ركووك له‌به‌رده‌م گه‌وره‌ترین مه‌ترسیدایه‌"

"عه‌ره‌بی هاورده‌ و ئاواره‌كان فۆرمی خۆراكیان بۆ كه‌ركووك ده‌گوزانه‌وه‌"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ژمارەیەك لایەنی عەرەبی و توركمانی كەركووك، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شارەكە بە پێویست نازانن، بە قسەی خۆیان دۆخی ئەمنی ئەو شارە كۆنترۆڵكراوە، بەڵام لە سنووری كەركووك داعش ھێشتا ماوە، تەعریب و سووتانی زەویوزاری جووتیارانی كورد بەردەوامە، لێژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك تەنیا بە دۆخی ئەمنییەوە پەیوەست نییە.

بەلای بەشێك لە لایەنە عەرەبی و توركمانەكانی كەركوكەوە، دۆخی ئەمنی كەركوك كۆنتڕۆڵكراوە و پێویستی بە گەڕانەوەی پێشمەرگە نییە، بەڵام ھەر لەو ناوچانە داعش ھێشتا ھەناسە دەدات، پرۆسەی تەعریبیش بەردەوامە، زەوی و زاری كوردان داگیردەكرێت.

محیه‌دین حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی لیژنه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ڵێت: "كه‌ركووك له‌به‌ردمه‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسیدایه‌، ئێستا عه‌ره‌بی هاورده‌ و ئاواره‌كان فۆڕمی خۆراكان ده‌گوازنه‌وه‌ كه‌ركووك".

ئێستا لە كەركووك ھێزی ئەمنی و عەسكەری ئیدارەی شارەكە دەكات، ھەموو دەسەڵاتێك لای ئەو ھێزە ئەمنی و عەسكەریەیە، بۆیە پسپۆڕانی دەستووری بۆ دۆخی نائاسایی ئێستای كەركوةك بە پێویستی دەزانن تا جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، پێشمەرگە بە ھاوبەشی ھێزەکانی عێراق پارێزگاری لە شارەكە بكەن.

لە دوای روداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرەوە كەركووك بە دۆخێكی نائاسایی تێدەپەڕێت، پارتی بەر لە ھەموو شت داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە دەكات، یەكێتيیش پێداگرە لەسەر دانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركووك. بەغداش لەولاترەوە رۆژ بە رۆژ بەرپرسە كوردەكان لادەدات و جێگاكانیان بە عەرەبەكان پڕدەكاتەوە.

ئ. م