پێشنیاز دەكرێت وەستانی ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستەكانی سلێمانی بكرێتە پارە

شارەوانی سلێمانی شەقامی ئۆرزدی فراوان دەکات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

شارەوانی سلێمانی، سەرقاڵی فراوانکردنی شەقامی ئۆرزدیە و بەربەست بۆ شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل لە قەراخی شەقامەکە دروستدەکات، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیارکراوە وەستانی ئۆتۆمبێل بکرێتە پارە و دواتر پڕۆژەكە بۆ ھەموو شارەكە فراوانبکرێت.

شەقامی گۆران لە سلێمانی، كە بە شەقامی ئۆرزدی ناسراوە، شۆستەکانی نۆژەندەکرێتەوە، لەگەڵ ئەو نۆژەنکردنەوەیە پڕۆژەیەکی ھاوبەشی شارەوانی و ھاتووچۆی سلێمانی خراوەتەڕوو، کە دەیانەوێ دەسپێکی ئەو شەقامە بێت، پڕۆژە پێشنیازاکراوەکەش بریتیە لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل لەقەراخی شەقامی گۆران،  دەکرێتە پارە بە گوێرەی کاتی دیاریکراو، بۆ ئەوەی لەلایەک مافی ھاووڵاتییان نەخورێت و لەلایەکی دیکەشەوە جەنجاڵی و قەرەباڵغی لەسەر ئەو شەقامە کەمبێتەوە.

پڕۆژەکە بیرۆکەکەی دووساڵ پێش ئێستا دانرا و بڕیاربوو بدرێت بە کەرتی تایبەت، بەڵام سەرینەگرت شارەوانیش ھاتووچۆی وەک باشترین ھاوبەش زانی، بۆیە لەگەڵ ئەوان پڕۆژەی بە پارە پارک کردنی ئۆتۆمبێلیان لە شۆستەی شەقامەکان پێشنیازکردووە، ئێستا رەزامەندی پارێزگاری سلێمانی دەوێت، چونکە داھاتەکەی دەگەڕیتەوە بۆ شارەوانی، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێٍمانیش لەسەر پڕۆژەکە دەڵێت پێویستە رای ھاووڵاتی لەسەر ئەو پرسە وەربگیرێت دواتر جێبەجێ بکرێت.

پێشتر لەكاتی گۆڕینی ئاراستەی ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە شەقامەكانی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی رای ھاووڵاتی و شوفێرانی وەرگرت و بڕیارەكەی جێبەجێكرد بە ئامانجی كەمكردنەوەی جەنجاڵی ئەمەش خەڵكی دڵخۆشكرد.

ھ.م