داوا له‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كرێت بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك بكه‌ن

پارتی: به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك پێوستی بە بریاری سیاسییه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاشکرای دەکات, ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ناکرێت و 4 هۆکاریش بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکات. بەرپرسێکی حزبی زەحمەت کێشانیش دەڵێت: هەڵبژاردن لە کەرکووك بکرێت کورد شکست دەهێنێت و داوای له‌ هەموو لایه‌نەکان دەکات، بایكۆتی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

له‌كاتێكیشدا ئه‌نجامدان یان دواخستنی هه‌ڵبژاردن لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی دابه‌شی دوو به‌ره‌ كردووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، 4 هۆكار ده‌خه‌نه‌ڕوو، كه‌ وه‌ك باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن، جگە لە هۆکاری تەکنیکی و ئامادەکاری کۆمیسیۆن، کۆمەڵێك هۆکاری سیاسی و یاسایی هەن، کە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوا دەکەوێت.

له‌مباره‌شه‌وه‌ خه‌سره‌و گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "هەڵبژاردنەکان دوا دەکەوێت بۆ ساڵی 2020 بۆ 2021"، لە بارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە کەرکووكیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "پێوستی بە بریاری سیاسی هەیە".

هاوكات كه‌ بارودۆخی سیاسی و سه‌ربازی عێراقیش ئێستا نا سەقامگیرە، بە تابیەت لە پارێزگا سونەکان، کوردیش دابەشی دوو بەرە بوون بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بۆیه‌ داوا دەکرێت کورد لە کەرکووك بایکۆتی هەڵبژاردن بکات.

له‌مباره‌شه‌وه‌ بێكه‌س قادر، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمدا نه‌كه‌ن، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا و به‌بێ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت، بۆ كورد باش نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به‌ یه‌كده‌نگی به‌شداریكردن له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ ره‌ت بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کردووە مانگی 11 ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجام بدرێت، له‌كاتێكیشدا پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی هەموار نەکردووەتەوە و بۆ ئامادەکاری بۆ هەر هەڵبژاردنێك کۆمیسیۆن پێوستی بە 6 مانگە، لایەنە سیاسیەکان دەڵێن: جگە لە رووی یاسایەوە لە روی سیاسی و ئەمنیشەوە عێراق ئامادەی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە نیە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئەنجوومەنی نۆێنەرانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دەنگدان لە سەر پرۆژەی ھەموارکراوی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە بارەی بەشداری کردنی کەرکوکیش لە پرۆسەی ھەڵبژاردن ھاوشێوەی شارەکانی تر عێراق، یەکێتی و پارتی ناکۆکن و بریایشە بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی ھەفتەی داھاتووی پەرلەمان، سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام بدەن, بۆ رێکەوتن لە سەر خاڵە ناکۆکەکان. 

H.B