روحانی: دەبێ تەواوی وردەکارییەکانی رووداوی فڕۆکە ئۆکراینییەکە ئاشکرا بکرێن

"تەنیا کەسێک لە رووداوەکە بەرپرسیار نییە"

K24 - ھەولێر     

سەرۆك كۆماری ئێران داوا لە بەرپرسانی وڵاتەكەی دەكات، كە رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكراینییەكە بۆ خەڵك روون بكەنەوەو كەسانی كەمتەرخەمیش سزا بدەن.

 روحانی دەشڵێت "ئەگەرچی ئەمەریكا ھۆكاری دروستبوونی ئاڵۆزییەكان بووە، بەڵام نابێ ئەو كەس و لایەنانەی لەنێوخۆی ئێران ھۆكاری ئەو كارەساتە بوونە ئاشكرا نەكرێن و سزا نەدرێن".

روحانی، گوتی: "ھێزە چەكدارەكانی ئێمە بە راشكاوی باسی ھەڵەی خۆیان كرد و داوای لێبوردنیان لە خەڵك كرد، ئەوە ھەنگاوێكی سەرەتایی باشە و دەبێ ھەموو ھەنگاوەكانی دیكەش بھاویشترێن".

گوتیشی: "لەو رووداوەدا ناكرێ تەنیا یەك كەس ھۆكاری سەرەكی بووبێت، كەسانی دیكەش ھەن و دەبێ ئەوە بە راشكاوی بۆ خەڵك روون بكرێتەوە، دەزانین كە ھەڵە كراوە، بەڵام دەبێ بزانین چ كەسانێك ھەڵەیان كردووە كەمتەرخەم بوونە".

سەرۆك كۆماری ئێران، راشیگەیاند: "دەزانین كە بنچینەی ھەموو كێشەكان ئەمەریكا بووە. ئەمەریكا بوو كە ئاڵۆزی دروستكرد، ئەمەریكا بوو كە ھەڕەشەی كرد و ئەمەریكا خۆشەویستێكی لێ سەندین، بەڵام ئەوە نابێتە پاساو كە ھەموو رووەكانی ئەو رووداوە شی نەكرێتەوە".

ھ.م