پێنج نیشانەی سەرەتایی شێرپەنجە لە پیاوان ئاشکرا دەکرێت

ئەم نیشانانەت هەبوو دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت

K24 – هه‌ولێر:

هێربێرت لێپۆر، پسپۆڕی میز و میزەڕۆ لە سەنتەری پزیشکی لانگۆن لە شاری نیویۆرک سیتی ئەمەریکا، چەند نیشانەیەکی سەرەتایی شێرپەنجە لە پیاواندا ئاشکرا دەکات.

خوێن لە میز و پاشەڕۆ

هەر کاتێک خوێن لە میز و پاشەڕۆدا هەبوو، زۆر گرنگە زوو سەردانی پزیشک بکەیت چونکە ئەم دۆخە یەکێکە لە نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەکانی میزڵدان، گورچیلە و کۆڵۆن.

هەمیشە بوونی خوێن لە میز و پاشەڕۆدا بە واتای شێرپەنجە نایەت، دەکرێت چەند نەخۆشییەکی دیکەی وەک مایەسیری و هەوکردنی میز، ببنەهۆی بوونی خوێن.

گۆڕانی میز

لەگەڵ زیادبوونی تەمەن، چۆنیەتی و چەندایەتی میزکردنمان دەگۆڕێت، بەڵام هەندێک گۆڕانکاریی نیشانەی سەرەکی شێرپەنجەی پرۆستاتن و دەبێت زۆر هۆشیاربین.

ئەو نیشانانەی پێمان دەڵێن رەنگە دووچاری شێرپەنجەی پرۆستات بووبوین، ئەمانەی خوارەوەن:

میزەچوڕکێ

بەتاڵ نەبوونەوەی میزڵدان

تاوانای میزنەکردن لەکاتێکدا هەستێکی بەپەلەمان بۆ میزکردن هەبێت

زۆرلەخۆکردن یان فشارکردن لە کاتی میزکردن

میزکردنی پچڕ پچڕ

پشت ئێشە

رەنگە هۆکاری پشت ئێشە، شێرپەنجە بێت. تاوەکو بە لەشدا بڵاونەبێتەوە، هەست بە بوونی شێرپەنجە ناکرێت. بۆ نموونە، شێرپەنجەی پرۆستات ئازار لە حەوز و بەشی خورەوەی پشت دروست دەکات. زۆر لە شێرپەنجەکان، لە کاتی بڵاوبوونەوەیان، دەبنە هۆی ئازاری ئێسک و بڕبڕەکان.

کۆکەی نائاسایی

کۆکەی بەردەوام، نیشانەی سەرەتایی شێرپەنجەی سییەکانە.

ئەگەر پلەی گەرمیت بەرز نەبێت و لووتت ئاودار نەبێت، تەنها کۆکەکەت هەبێت، ئەوا رەنگە بەکتریا و ڤایرۆس هۆکاری نەخۆشییەکەت نەبن.

هەروەها، کۆکە و هێنانەوەی خوێن لەگەڵی، نیشانەی شێرپەنجەی سییەکانە.

گۆڕان لە گووندا

ئەگەر هەستت کرد گۆڕانکاری لە گوندا روویداوە، بۆ نموونە قورس بوو یان هەستت بە بوونی گرێ تیایاندا کرد، بەپەلە سەردانی پزیشک بکە چونکە ئەگەر هەیە دووچاری شێرپەنجە بووبویت.

Pulse.com

H.J