سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا: پێویسته‌ توركیا به‌ زووترین كات هێرشه‌كانی راگرێت

ماكرۆن هۆشداری له‌ چالاكبوونه‌وه‌ی داعش ده‌دات

K24- هه‌ولێر:

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا نیگه‌رانی خۆی له‌ دۆخی باكووری سووریا و هێرشی توركیا بۆ سه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان راگه‌یاند و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پێویسته‌ توركیا به‌زووترین كات هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر بتاكووری سووریا بوه‌ستێنێت.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا جه‌ختی له‌سه‌ر نیگه‌رانی خۆی و وڵاته‌كه‌ی له‌ هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا كرده‌وه‌ و دووپاتیشیكرده‌وه‌، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ توركیا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر باكووری سووریا بوه‌ستێنێت.

ماكرۆن له‌ باره‌ی ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌كانی ئه‌و هێرشه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان هۆشداریدا، كه‌ ئه‌و هێرشه‌ی توركیا ده‌بێته‌ هۆی ئاڵۆزی و پشێوی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌ و سه‌قامگیری و دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و، ده‌كرێت به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌ی توركیاوه‌ جارێكی دیكه‌ داعش له‌ ناوچه‌كه‌ چالاكبێته‌وه.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوای ئه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌ستپێكردنی هێرشی سوپای وڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ رۆژئاوای كوردستان راگه‌یاند، شه‌وی رابردوو خێزانه‌ داعشه‌كانی ناو كه‌مپی هۆڵ له‌ رۆژئاوای كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكراته‌وه‌ كۆنترۆڵ كراون، دۆخه‌كه‌یان قۆزته‌وه‌ و ئاگریان له‌ چادره‌كانیان به‌ردا و پشێویان له‌ناو كه‌مپه‌كه‌ هێنایه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، ژماره‌یه‌ك خێزانی چه‌كدارانی داعش له‌ كه‌مپه‌كه‌ رایانكردووه‌.

H.B