ئەمڕۆ مەسرور بارزانی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت ناوزەد دەكرێت

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 11/06/2019، مەسرور بارزانی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەست نیشان دەكات.

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و لە كارنامەی كۆبوونەوەكەدا ھاتووە: "بەپێی حوكمی بڕگەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم) لە مادەی 16 و بڕگەی (سێیەم) لە مادەی 18 و مادەكانی (47، 48، 55، 56، 57) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە 8ی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی یەكەم خولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ رۆژی سێ شەممە 11/6/2019 بەم شێوەیە بێت:

یەكەم: دەستنیشانكردنی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی ھەرێمی كوردستان، بەپێی بڕگە 3 لە مادەی 56ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی ھەمواركراو.

پێشتریش ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆتای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی دوێنێ کە تایبەت بوو بە سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سبەی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەستنیشانکردن و ناوزەندکردنی سەرۆکی نوێی حکوومەت کۆدەبێتەوە".

ھ.م