ئەڵمانیا هۆکاری کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق ئاشکرا دەکات

وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا مەترسییەکان دەخاتەڕوو

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا هۆکاری کشاندنەوەی هێزەکانیانی لە عێراق ئاشکرا کرد.

دوێنێ چوارشەممە 15/05/2019، ئەمەریکا بڕیاری دا بەشێک لە دیپلۆماتەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە و پێدانی ڤیزاشی راگرت، ئەڵمانیا و هۆڵەنداش، راوێژکار و سەربازەکانییان کشاندەوە.

جێنس فلۆسدۆرف، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا لە بارەی بڕیارەکەی بەرلین بۆ کشانەوەی هێزەکانیان رایگەیاند: "هاوپەیمانەکانمان هەنگاوی پێویستییان ناوە و بڕیارەکەی ئێمەش لەسەر ئەو دۆخەیە، کە هاتووەتە پێش".

راشیگەیاند: "ئێمە ئاستی هۆشیاریمان زیاد کردووە و ئەو سەربازانەشی عێراق جێ دەهێڵن، کامپ و شوێنەکانیان بۆ مەبەستی باش لە دوای خۆیان بەکار دێت".

ئەوەشی نەشاردەوە، رەنگە لە داهاتوودا جارێکی دیکە سەربازانی ئەڵمانیا بۆ مەشقکردن بە عێراقییەکان بگەڕێنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، گویدۆ ستێنبێرگ، ئەندامی پەیمانگەی نێودەوڵەتی و کاروباری ئەمنی لە بەرلین دەڵێت: "دۆخی عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دژوار بووە، چونکە زۆر لە نزیکەوە لە نێوانی ئەمەریکا و ئێران گلاوە".

ئەمەریکا، میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، بە هەڕەشە بۆ سه‌ر بەرژەوەندییەکانی خۆی لە عێراق دەزانێت و دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردووەتەوە، كه‌ میلیشیاکان نیازیان هەیە هێرش بکەنە سەر کارمەندانی حکوومی و سەربازیی ئەمەریکا لە عێراق.

Deutsche Welle

H.J