له‌ باره‌ى جياوازى مووچه‌ى مانگه‌كانى 2017 وه‌زاره‌تى دارايى بڕيارێكى نوێى ده‌ركرد

بڕی پارەی خەرجنەکراوی مانگەکانی ساڵی (2017)ـی فەرمانبەران، کە خراوەتە سەر مووچەی مانگی 12ـی هەمان ساڵ و پێیان نەدراوە

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی دارایی جیاوازی مووچەی مانگەکانی ساڵی 2017 دەداتەوە بە فەرمانبەران و به‌ گوێره‌ى بڕياره‌كه‌، ئه‌مساڵ مانگانه‌ ئه‌و جياوازييه‌ خه‌رجده‌كرێت.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کە واژۆی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، بڕی پارەی خەرجنەکراوی مانگەکانی ساڵی (2017)ـی فەرمانبەران، کە خراوەتە سەر مووچەی مانگی 12ـی هەمان ساڵ و پێیان نەدراوە، لەگەڵ مووچەی مانگەکانی داهاتووی ساڵی 2018، بۆ فەرمانبەران خەرجدەکرێتەوە.

لە بەشێکی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 4-10-2018 دەرچووە و، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "بەهۆی پاشەکەوتکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم (12)ـی ساڵی 2017 پێتان رادەگەیێنین، سەرجەم ئەو جیاوازی مووچانە بۆ مانگەکانی ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە و لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2017 بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران بەستراوە، خەرجبکرێتەوە بە لیستی جیا و لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگانە بە رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم: بۆ دامودەزگاکانی مەڵبەندی:

بڕی جیاوازییەکە لە پاشکەوتی مووچەی مووچە خۆران خەرجبکرێتەوە کە لەلایەن گەنجینەی پەیوەندیدارەوە وەکو بارمتە تۆمارکراوە.

دووەم: بۆ دامودەزگاکانی نا مەڵبەندی:

بڕی جیاوازییەکە لە پاشکەوتی مووچەخۆران خەرجبکرێتەوە کە بە بارمتە دانراوە بە بەڵگەنامەی خەرجکردن و بە مەرجێک لەسەر بوودجەی ساڵی 2017 جێگرکرابێت.

سێیەم: ئەم رێنماییە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.