پاسپۆرتی سلێمانی بەشێكی نوێ دەكاتەوە

پێشتر ھاووڵاتیان دەچوونە شەش بەڕێوەبەرایەتیی جیاواز
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا، بەشی ونبوون و خراپبوونی پاسپۆرت، لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی بکرێتەوە. کە ھەر لە ناو بەڕێوبەرایەتییەکە کار بۆ دەرکردنەوەی پاسپۆرتی ھاووڵاتیان دەکرێت. لە کاتێکدا پێشتر ھاووڵاتیان لەکاتی ونبوون، یان خراپبوونی پاسپۆرته‌كانیان، سەردانی شەش بەڕێوەبەرایەتیی جیاجیایان دەکرد.

زانا عومەر، لێپرسراو ی ھۆبەی نوێکردنەوە لە بەڕێوبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای كردنەوەی ئەو بەشە، پێویست ناكات ھاووڵاتی ئەو ھەموو شوێنە بكات. پێشتر ھەفتەیەك تا 10ی پێ دەچوو، بەڵام لەمەودوا كاتژمێرێك بۆ 2 كاتژمێر سەرجەم كارەكان تەواو دەكرێن، پێویست ناكات هاووڵاتی شەش تاكسی بە كرێ بگرێت و بچێتە شەش گەڕەكی جیاواز، بەڵكوو ھەموو كارەكان لەناو بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت ئەنجام دەدرێن".

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی پاسپۆڕتی پارێزگای سلێمانی، تەنھا لە چوار مانگی سەرەتایی ساڵی 2019دا، لە ھەرسێ نووسینگەی پاسپۆرتی سلێمانی، کەلار و رانیە 390 پاسپۆرت ونبوون و 373 پاسپۆرتیش تێکچوون. ماوەی تازەکردنەوەی پاسپۆرتیش زیاتر لە 20 رۆژ بووە، بەڵام بە کردنەوەی بەشی ونبوون، یان خراپبوونی پاسپۆرت، ھاووڵاتیان تەنیا لە یەک رۆژدا لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکە کارەکانی وەرگرتنەوەی پاسپۆرت ئەنجام دەدەن.

ھ.م