حكوومه‌تی هه‌رێم به بڕی 33 ملیار دینار 12 به‌نداو دروست ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی زیاتر له 33 ملیار دینار بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردنی 12 به‌نداو له پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك ته‌رخان ده‌كات، كه توانای گلدانه‌وه‌ی 52 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاویان هه‌یه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، 5 به‌نداو له هه‌ولێر و 4 به‌نداو له سلێمانی و 3 به‌نداویش له دهۆك ده‌بن. ئه‌كره‌م ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌ری گشتیی به‌نداو و كۆگاكانی ئاو له هه‌رێمی كوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رجه‌می ئه‌و به‌نداوانه له ساڵی داهاتوودا ته‌واو ده‌بن.
هاوكات نادر روستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لەگه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ران له هه‌وڵی دروستكردنی پڕۆژه‌ی گه‌شتیارین له سه‌ر به‌نداوه‌كان، كه له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت سه‌رچاوه‌ی داهات و هه‌لی كار بڕه‌خسێنن.
به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی پێشووی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له هه‌رێمی كوردستان، 240 شوێن بۆ دروستكردنی به‌نداو دیار كراون، له‌وانه‌ش 18 یان به‌نداوی گه‌وره ده‌بن. پێشتریش به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست، كاركردن له به‌نداوه‌كان ڕاگیرابوو، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێم ئێستا ده‌ستی كردووه به ته‌رخانكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه راگیراوه‌كان.
H.B