پارتی و یەكێتی به‌ ھاوپەیمانێتی سائیرون و فەتح خۆشحاڵن

"خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەین"

K24 - ھەولێر

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكی ھاوبەشدا، بۆچوونی خۆیان لەبارەی ھەوڵی پێكھێنانی ھاوپەیمانی سائیرون و فەتح راگەیاندن و بە ئەرێنی دەزانن بۆ دەربازبوونی عێراق لە تەنگەژەی سیاسی.

لە راگەیەندراوی ھاوبەشی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی ھاتووە: "بەهیمەتی دڵسۆزان بۆ دەربازكردنی وڵات، لە تەنگەژەی سیاسی، هەوڵێك بۆ هاوپەیمانی (سائیرون و فەتح) راگەیەندرا، مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانین و پێمان وایە، سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی و هاوپەیمانی باشە، لەپێناوی دەربازبوون، لەم دۆخە بنبەستە سیاسییە، بێگومان ی.ن.ك و پ.د.ك، هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات، شاندی هاوبەش، بۆ دانوستان، پێكدێنین".

لە بەشێكی دیكەی ئەو فراگەیەندراوە ھاوبەشەی یەكێتی و پارتی ئاماژە بەوەكراوە: "ئومێدەوارین، سەرجەم لایەنە كوردستانی و عێراقییەكان، خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەین و پێكەوە، بەرپرسیارێتی حكوومەتێكی سازاوی نیشتمانی بۆ راپەراندنی ئەركە هاوبەشەكان، پێك بهێنین و یەك ریزی نیشتمانی بپارێزین".

دەقی راگەیەندراوی ھاوبەشی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی

بۆچوونی هاوبەشی ی.ن.ك و پ.د.ك دەربارەی هاوپەیمانی سیاسی نوێ‌ لەعێراق

لەم دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی عێراق و كوردستاندا، سیاسەتی نەخوازراو، پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەركردنی كێشەكانی خستە ناو گێژاوێكی ترسناك.

ی.ن.ك و پ.د.ك، خۆمان و گەلی كوردستانمان، لە مەترسی ئەو كێشانە، لە كوردستان و عێراق، دوورخستەوەو هەوڵێكی زۆریشماندا، بەردەوام بەشێك بین لە چارەسەر، بەپێی دەستور و رێساو یاساكانی هەڵبژاردن، لەم پێناوەشدا، وەفدی هاوبەشی هەردوو لا بە راوێژ لەگەڵ یەك، سەردانی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عیراقمان كردو هەڵوێستی خۆمانمان پێراگەیاندن.

ئەمشەو بەهیمەتی دڵسۆزان بۆ دەربازكردنی وڵات، لە تەنگەژەی سیاسی، هەوڵێك بۆ هاوپەیمانی (سائیرون و فەتح) راگەیەندرا، مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانین و پێمان وایە، سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی و هاوپەیمانی باشە، لەپێناوی دەربازبوون، لەم دۆخە بنبەستە سیاسییە، بێگومان ی.ن.ك و پ.د.ك، هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات، وەفدی هاوبەش، بۆ دانوستان، پێكدێنین.

لە هەمانكاتدا ئومێدەوارین، سەرجەم لایەنە كوردستانی و عیراقییەكان، خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەین  و پێكەوە، بەرپرسیارێتی حكومەتێكی سازاوی نیشتمانی بۆ راپەراندنی ئەركە هاوبەشەكان، پێك بهێنین و یەك ریزی نیشتمانی بپارێزین.

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان                                  پارتی دیموكراتی كوردستان

مەكتەبی سیاسی                                                         مەكتەبی سیاسی