"تورکیا هاوکاری رووسیا بە گرنگ دەزانێت"

لەبارەی پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی کەناراوەکانی قوبرس

K24 - ھەولێر

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس رایگەیاند، وڵاتەکەی بە گرنگیەوە لە هاوکاری رووسیا دەڕوانێت، بۆ پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی کەناراوەکانی قوبرس.

چاوەشئۆغڵو، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی سپۆتینک ئاماژەی بەوەدا، یەکێتی ئەوروپا پێوەری دوولایەنە لەبارەی مافی کێڵگە گازییەکانی لە قوبرسی تورکیا بەکاردەهێنت.

هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت،"پێشنیازیان کرد یەکێتی ئەوروپا ببێتە ناوبژیوان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، کە پابەندە بە پاراستنی مافەکانی قوبرسی تورکیا، نەک تەنیا قوبرسی یۆنان، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت پێوەرەکانیان دوولایەن و دووڕووانە بوو".

دەشڵێت، "داوایان لە یەكێتی ئەوروپا و لایەنەکانی دیکە کرد رێگەیەکی دروست بدۆزنەوە کە مافی قوبرسی تورکیای لە یەدەگی گاز تێدابێت، بەڵام سەرجەمیان چارەسەرەکانیان رەتکردەوە".

هاوکات چاوەشئۆغڵو جەختی لەوەکردەوە، قوبرسیەکانی تورکیا و یۆنان بە یەکەوە کاردەکەن بۆ پەرەپێدانەی ئەسپاردە و داهاتەکانی قوبرس، بەڵام ئەمە لە دۆخی ئێستادا روونادات کە یەکێتی ئەوروپا تەنیا بەرگری لە مافی قوبرسی یۆنان دەکات.

لە کۆتاییشدا وەزیری دەرەوەی تورکیا گووتی، "ئەوەی پەیوەستە بە کاری هەڵکۆڵین و دۆزینەوە و پەرەپێدان، پێویستی بە کاری هاوبەشە، و لایەنی تورکیش ئامادەیی دەربڕیووە، بۆ ئەوەش سەرۆکی رووسیا تورکیا بابەتەکەیان تاوتێ کردووە، پێموایە ئەگەری هاوکاری نێوان رووسیا تورکیا هەیە"

ھ.م