دوای مردنی پزیشكێك ته‌رمی زیاتر له 2 هه‌زار كۆرپه‌ی له‌باربراو له ماڵه‌كه‌ی ده‌دۆزرێنه‌وه
K24- هه‌ولێر:
دوای هه‌فته‌یه‌ك له مردنی پزیشكێكی له‌باربردنی كۆرپه‌ی ئافره‌تان له ئه‌مه‌ریكا، خانه‌واده‌ی ئه‌و پزیشكه ئاشكرای ده‌كات، پزیشكه مردووه‌كه ته‌رمی هه‌زاران كۆرپه‌ی له‌باربراوی له ماڵه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه.
راگری كه‌رتی ویل ئیلینۆی ئه‌مه‌ریكا گوتی: دكتۆر ئۆلڕیش كلۆبفه‌ر ته‌رمی 2 هه‌زار و 200 و 46 كۆرپه‌ی مرۆڤی به شێوازێكی زانستیانه له ماڵه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، پزیشكی ناوبراو هه‌فته‌ی رابردوو كۆچی دوایی كردووه و دوای ئه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی ماڵه‌كه‌یان پشكنیوه، ته‌رمی ئه‌و كۆرپه‌لانه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه و به‌په‌له پۆلیسیان لێ ئاگادار كردووه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵاتدارانیش ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و كۆرپه مردووانه‌دا گرتووه.
كلۆبفه‌ر 3 نۆڕینگه‌ی پزیشكیی له‌باربردنی له ویلایه‌تی ئێندیانا به‌ڕێوه‌ده‌برد، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی به پێشێلكردنی یاسا تۆمه‌تبار كرا، به‌وه‌ی كه كارمه‌ندی شیاوی بۆ چاودێریكردنی نه‌خۆشه‌كان له‌كاتی له‌باربردنی كۆرپه دانه‌ناوه، له ساڵی 2016 ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ویلایه‌ته مۆڵه‌تی كاركردنیان له‌و پزیشكه سه‌نده‌وه.
هاوكات كلۆبفه‌ر به بڕی 3 هه‌زار دۆلاریش پێبژار "غه‌رامه" كرا و فه‌رمانی پێكرا دووباره بچێته‌وه ژێر باری راهێنان.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی "روسیا الیوم" تا ئێستا هۆكاره‌كه دیار نییه، بۆچی ئه‌و پزیشكه ته‌رمی كۆرپه‌كانی له ماڵه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه، له‌كاتێكدا پۆلیس ده‌ڵێت: هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ست نییه، كه ئه‌و پزیشكه پرۆسه‌ی له‌باربردنی بۆ نه‌خۆشه‌كان له ماڵه‌كه‌ی ئه‌نجام دابێت و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی ده‌كه‌ن.
H.B