نوێترین هەڵوێستی پارتی لەبارەی کەرکووک ئاشکرا دەکرێت

لیژنەی ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک خاڵەکانی دەخاتەڕوو

 K24 – هه‌ولێر:

د. کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک - گەرمیان ئامانجی لیژنەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات.

لەو بارەیەوە د. کەمال کەرکووکی کە هاوکات سەرۆکی لیژنەکەی پارتی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "کاری لیژنەکە لە چەند خاڵێک روونکراوەتەوە و دڵنیایش دەدرێت کە کارەکانی ئەو لیژنەیە بۆ بەرژەوەندی گشت دڵسۆزانی گەلی کوردستان و بەتایبەت بۆ دانیشتوانی کەرکووك بە گشت پێکهاتەکانییەوە دەبێت. هەروەها، لیژنەکە کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك دەکات بە لادانی ئەو هێزانەی لە دوای 16ی ئوکتۆبەری 2017 ەوە هێنراونەتە کەرکوك".

راشیگەیاند: "پارتی ئامانجی ئەوەیە، دووبارە دامەزراوە سڤیل و شەرعییەکانی پارێزگای کەرکووك دەستبەکاربن".

د. کەمال کەرکووکی کارەکانی ئەو لیژنەیە لە دوو خاڵدا روونکردووەتەوە و بە کوردستان24ی راگەیاند:

1-  لیژنەکە بە فەرمانی سەرۆك بارزانی بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووك پێكهاتووە و بەرپرسەکەی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەركوك ـ گەرمیانە.

2-  لیژنەکە بە سەرۆکایەتی د. کەمال کەرکووکی هەوڵ بۆ ئاسایی کردنەوەی کەرکووك لەگەڵ گشت پێکهاتەکانی کەرکووك، لایەنە پەیوەندیدارەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات.

لەبارەی دواین هەڵوێستی پارتی لەسەر رەوشی کەرکووک، لیژنەکە ئەم چەند خاڵە بەپەسەند دەزانێت:

1-  لادانی ئەو هێزە زۆرەی لە دوای 16ـی ئوکتۆبەر هێنراونەتە کەرکوك، بە حەشد شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی و سوپاوە.

2-  گەڕاندنەوەی سوپا و هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی شاری کەرکووك.

3-  رادەستکردنی دۆسییەی ئەمنی کەرکووك بۆ دەستی هێزە ئەمنییە خۆجەییەکانی کەرکووك کە لە پێکهاتەکانی کەرکووك بن.

4-  کە کەرکووك بەو شێوەیە ئاسایی کرایەوە، ئەندامانی ئەنجومەنە هەڵبژیردراوەکەی  بگەڕێنەوە کەرکوك و دووبارە ئەنجوومەنەکە دەست بەکار بن.

5-  پاشان، پارێزگارە هەڵبژێردراوەکە (د.نجم الدین کریم ) دەگەڕێتەوە و دەستبەکار دەبێت، لە حاڵەتێك ئەگەر بەڕێزیان بتوانێت دەست لەکار بکێشێتەوە و ئەنجومەنەکەش پەسەندی بکات ، دواتر ئەنجوومەنەکە متمانە بە کەسێك (لەوانەی خۆیان بۆ پارێزگار کاندید  دەکەن) بدات ، بە زۆرینە دەنگ یا کۆی دەنگ وەکو پارێزگار دیاری بکرێت.

6-  هەرچەندە پارێزگاری کەرکووك مافی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام لەبەر دۆخی تایبەتی کەرکووك و هەستیاریی ئەم قۆناغە، پارتی بە باشی دەزانێت کەسێکی بێ لایەن بۆپارێزگاری کەرکووك دەستنیشان بکرێ و گشت لایەنەکان لە سەری کۆك بن.

7-  بەو شێوەیە پارتی بەسەر بەرزی  و بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە خزمەتی دڵسۆزانی کەرکووك و دووز و گشت پارێزگای کەرکووك دەبن.

هەروەها، جیا لە لیژنەکەی پارتی، لیژینەیەکی هاوبەشی پارتی و یەکێتیش بۆ ئاسایی کردنەوەی نێوان پارتی و یەکێتی و هاو هەڵوێستی لەسەر بابەتەکانی نێوانیان پێکهێنراوە کە لەلایەن فازڵ میرانی و د. رۆژ نوری شاوەیس لە پارتی و ئەرسەلان بایز، سەعدی پیرە لە یەکێتی سەرۆکایەتی دەکرێت.

بە گووتەی د. کەمال، بۆچوونی نوێنەرانی پارتی لە هەردوو لیژنەکە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووك یەك بۆچوونە ، ئەویش ئاسایی کردنەوەی تەواوی دۆخی کەرکووك بە لادانی ئەو هێزە زۆرەی لە دوای 16-10 ـ2017 هێنراونەتە کەرکووك.

هەروەها، گەڕانەوە و دەست بەکاربوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك و دواتر بڕیاردان لەسەر کەسێك بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگارکە لە لایەن گشت لایەنەکان پەسەند بێ و لە سەری ڕەزامەند بن.

H.J