عێراق بۆ چەك روو لە رووسیا و چین دەكات

"ئەمەریکییەکان نایانەوێت عێراق ببێتە خاوەنی سیستمی مووشەکی"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەپێناو پڕکردنەوەی شوێنی ئەمەریکا لە پڕچەککردنی سوپای عێراق، بەشێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەن عێراق بۆ پڕچەککردنی سوپا روو لە چین و رووسیا بکات، ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراقیش رایدەگەیێنێت "ئەمەریکییەکان نایانەوێت عێراق ببێتە خاوەنی سیستمی مووشەکی بۆ ئەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بپارێزێت".

بەرپرسێکی باڵای عێراق رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا بە بەشداری بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی دواکەوتنی ئەو چەکانە کردووە، کە بڕیاربووە ئیدارەی ئەمەریکا بە عێراقی بدات و کاریش بۆ چاککردنەوە و ئامادەکردنی لیوای زرێپۆشی سوپا بکات.

عێراق لە پڕچەککردنی سوپاکەیدا زیاتر پشت بە چەکەکانی ئەمەریکا دەبەستێت، بۆیە لە ئەگەری سووربوونی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا، ئەوا ئیدارەی ترەمپ بڕیاری راگرتنی چەک بە عێراق دەدات و بەمەش ئەو چەکانەی ئێستای سوپا رووبەڕووی کێشە دەبنەوە.

لەپێناو پڕکردنەوەی شوێنی ئەمەریکاش بەشێک لە سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەن عێراق بۆ پڕچەککردنی سوپا روو لە چین و رووسیا بکات.

سەعد مەتڵەبی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "ئەمەریکییەکان نایانەوێت عێراق ببێتە خاوەنی سیستمی مووشەکی بۆ ئەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بپارێزێت، بۆیە لەپێناو هەبوونی چەکی پێشکەوتوو پێویستە روو لە چین، رووسیا و وڵاتانی ئەوروپا بکەین".

لە ئەگەری وەستاندنی پێدانی چەک لەلایەن ئەمەریکاوە بە حکوومەتی عێراق، لەبەرامبەریشدا کڕینی چەک لە وڵاتانی چین و رووسیا ئەوا ئەو وڵاتە بە ملیۆنان دۆلار زیان دەکات.

حاکم زاملی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئاسایش وبەرگری لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ئەمەریکییەکان لە پێدانی چەک دەستی دەستی بە عێراق دەکەن و پابەندی رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا نییە، ئەمەش کێشەی بۆ وەزارەتی بەرگری دروستکردووە، بەڵام حکومەت لەگەڵ ئەوەیە بۆ وەستاندنی ئەو دەستی دەستییە پەنا بۆ وڵاتانی چین و رووسیا ببات.

پێشتر بەدر زیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکردبوو، لەپێناو کڕینی چەکی پێشکەوتوو سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر پشتیوانی لە رەوانەکردنی شاندێک بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئاسیا و رووسیا دەکات.

ھ.م