ئاسایشی ھەولێر دەستگیر كردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لە راگەیاندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە ئاشكرای كرد، كەسێكیان دەستگیر كردووە كە چوار كیلۆ و 100 گرام مادەی ھۆشبەری پێبووە و ویستویەتی مامەڵەی پێوەبكات.
لە راگەیاندراوەكەی ئاسایشی ھەولێر ھاتووە: "پاش چاودێری كردنی گومان لێكراوێكی بازرگانی مادەی ھۆشبەر لە 28/5/2019 مەفرەزەكانمان توانیان تۆمەتبار (أ.غ . م) كە خەڵكی شاری مووسڵە بە بڕی چواركیلۆ و 100 گرام مادەی ھێرۆیین لە شاری ھەولێرەوە دەستگیر بكەن، كە لە مووسڵەوە ھێنابووی".
ئاسایشی ھەولێر راشیدەگەیەنێت: "تۆمەتبار بە مادەی (14 مخدرات) راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری گیراوەتەبەر".
ئاسایشی ھەولێر داوا لە ھاووڵاتیان دەكات: "لەكاتی بوونی ھەر زانیارییەك لەسەر كەسانی گوماناوی و تاوانبار بە زوترین كات بنكە و بازگەكانی ئاسایش ئاگادار بكەنەوە".
ھ.م