پارتی رێككه‌وتنی دوو قۆڵی بۆ پێكھێنانی حكوومەت ره‌تده‌كاته‌وه‌

یەكێتی پۆستەكانی ھەولێر و بەغدا دەكات بە یەك پاكێج
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیدەکاتەوە رێککەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ هیچ لایەنێک بکات بۆ پێکهێنانی حکوومەت و یەکێتیش سوورە لەسەر داواکارییەکانی خۆی بۆ رێککەوتنی سیاسی، ئەو مەرجانەی یەکێتی دیاریکردوون پارتی رەتیدەکاتەوە دەڵێت "خۆیان داوایان کرد پۆستەکانی هەولێرو بەغدا پێکەوە نەبەسترێنەوە".

خاڵە ناکۆکەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا دێت زەقتر دەبنەوە، یەکێتی سوورە لەسەر بۆچوونەکانی خۆی، ئەویش رێککەوتنی سیاسی نوێیە لەگەڵ پارتی. یەکێتی دەیەوێت پۆستی پارێزگاری کەرکووك بۆ ئەو بێت و ئەو کەسەش كه‌ خۆی دەیەوێـت ببیتە پارێزگار، ھەروەھا سوورە لەسەر وەرگرتنی وەزیری دادی عێراق. هیچ پێشنیازێکی دیکەش پەسەند ناکات، پارتیش دەپرسێت ئایا رەزامەندی و رێککەوتنی هاوبەشی  بۆ چییە و چۆن دەکرێت؟، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش رایدەگەیەنێت، مافی خۆمانە و به‌پێوستیش دەزانین رێککەوتنی سیاسی تازە لەگەڵ پارتی واژوو بکەین.

لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە كوردستان24 گوت: "مەرج نییە لە دانووستان ھەموو مەرجەكانی لایەنێك جێبەجێ بكرێن، ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆ و رێككەوتنی سیاسی بكەین، ئێمە دەمانەوێت شەریك بین لە حكوومەت نەك بەشدار".

گوتیشی: "ئەگەر بەپێی ئیستحقاقی یەكێتی بێت پۆستی پارێزگاری كەركووك ھی یەكێتییە، چونكە لە كۆی 12 كورسی پەرلەمانی لە كەركووك یەكێتی 6 كورسی بە دەستھێناوە".

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان بەردەوام دەبێت و نایەوێت بگەنە بنبەست، لەبارەی داواکاریەکەی یەکێتی بۆ رێککەوتنی سیاسی دوو قۆڵی رەتیدەکاتەوە دەڵێت "گفتوگۆ لەسەر پۆستەکانی بەغداو هەولێرو کەرکووک پێکەوە ناکەین"، ئەمەش داواکاری پێشتری یەکێتی بوو کە ئه‌وكات  پۆستی سەرۆک کۆماری وەرنەگرتبوو.

زانا مەلا خالید، پەرلەمانتاری كودستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "ئەو كاتەی ئێمە قسەمان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستەكانی دیكە دەكرد، یەكێتی دەیگوت ئەو پۆستە پەیوەندیدارە بە بەغدا و جیاوازە، بەڵام ئێستا كە سەرۆك كۆمارە لە یەكێتیە و بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیرێك، دەیانەوێت لەگەڵ پۆستی پارێزگاری كەركووك و سەرۆكایەتییەكانی ھەرێمی كوردستان بیكەن بە یەك پاكێج، بەڵام ئێمە پێیمانوایە ئەو دوو پاكێجە لێك جیان".