ئێران هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی توركیا و رووسیا راگه‌یاند

تاران پێشوازی لێ ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی له‌ رێككه‌وتنی رووسیا و توركیا له‌ باره‌ی ره‌وشی باكووری سووریا كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (23ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019)، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "هیوادارین رێككه‌وتنی رووسیا و توركیا ببێته‌ هۆی نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا له‌ لایه‌ك و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و به‌هێزكردنی سه‌روه‌ری نیشتمانی له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "تاران پێشوازی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كات كه‌ ببێته‌ هۆی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و به‌هێزكردنی سه‌روه‌ریی نیشتمانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ باكووری سووریا. هه‌میشه‌ ئێمه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر رێگه‌ی دانووستان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره‌ به‌ شێوازی ئاشتیانه‌ كردووه‌ته‌وه‌".

عه‌باس موسه‌وی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران
عه‌باس موسه‌وی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا تاران "هانی دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره‌ی داوه‌ كه‌ له‌سه‌ر مێزی دانووستان دابنیشن و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. به‌ جۆرێك كه‌ رێككه‌وتنی ئه‌ده‌نه‌ ببێته‌ بنچینه‌یه‌ك بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌كانی توركیا و سووریا".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، "بوونی هێزی بیانی له‌ باكووری سووریا نابێته‌ هۆی به‌دیهێنانی ئاسایش"، ئاماژه‌شیداوه‌، "كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ له‌ باكووری سووریا ده‌بێته‌ هۆی دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاسایش بۆ ناوچه‌كه‌". 

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ئاژانسی هه‌واڵده‌ری ره‌سمی توركیا، ئه‌نادۆڵ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا باسی ره‌وشی باكووری سووریای كرد و رایگه‌یاند، له‌ باكووری سووریا عه‌ره‌ب زۆرینه‌یه‌ و ئیداره‌ ده‌گرنه‌ ده‌ست و ئه‌گه‌ر كوردیش له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بێت، ئه‌وانیش به‌شدار ده‌بن.

چاوشئۆغلۆ له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی رووسیا و توركیا سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ی ئارامی باكووری سووریا گوتی: یه‌په‌گه‌ له‌ قامیشلۆ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پێكدادان روونه‌دات، قامیشلۆ له‌ سنووری ناوچه‌ی ئارام ده‌رهێنراوه‌.

گوتیشی: یه‌په‌گه‌ به‌ قوڵی 30 كیلۆمه‌تر سنووره‌كان به‌جێ ده‌هێڵێت و ته‌نانه‌ت سوپای توركیا ده‌چێته‌ ناو كوبانێش. 

مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا
مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا

هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ ئیداره‌ی ناوچه‌یی له‌ ناوچه‌كانی باكووری سووریا درووست ده‌كه‌ین و ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ینه‌ ده‌ست زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ كه‌ عه‌ره‌بن و ئه‌گه‌ر كوردیش هه‌بن له‌ ناوچه‌كه‌ به‌شداریان پێ ده‌كه‌ین.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ رووسیا و ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 150 كاتژمێردا یه‌په‌گه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوچه‌كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌م قسانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا دوای ئه‌وه‌ دێن، كه‌ ئه‌مڕۆ گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا(كرملین)، دیمتری بیسكۆڤ، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر كورده‌كان پاشه‌كشه‌یان نه‌كردبا، پۆلیسی سه‌ربازی رووسیا و سوپای سووریا به‌ ته‌واوی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كشانه‌وه‌ و ته‌نیا هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌مانه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌ڵستیكردنی هێرشه‌كه‌ی توركیا. گوتیشی: ئه‌مه‌ریكا هانی كوردی ده‌دا شه‌ڕی سوپای توركیا بكه‌ن. ئه‌مه‌ریكا خیانه‌تی له‌ كورد كرد.

دوێنێ هه‌ریه‌ك له‌ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا له‌ سوچی بۆ تاوتوێكردنی ره‌وشی سووریا و رۆژئاوای كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان، پوتن و ئه‌ردۆغان كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا و رایانگه‌یاند، گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن. دواتر سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌ رووسی و مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌ توركی خوێنده‌وه‌.

سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن و سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سوچی، 22ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019
سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن و سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سوچی، 22ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019

ده‌قی یادداشتی له‌یه‌كتێگه‌یشتنی توركیا و رووسیا (سوچی، 22ی ئۆكتۆبه‌ری 2019)

سه‌رۆكی كۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ رێككه‌وتن:

1-هه‌ردوولا پابه‌ندی خۆیان به‌ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی سیاسی و سه‌لامه‌تی هه‌رێمایه‌تی سووریا و پارێزگاری له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا دووپاتكرده‌وه‌.

2- جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌ هه‌موو شێوه‌ و رووخساره‌كانی و په‌كخستنی پلانی جیاخوازی له‌ خاكی سووریا.

3- له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌و ره‌وشه‌ی له‌ ناوچه‌ی ئۆپراسیۆنی توركیا "كانی ئاشتی"  هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ ده‌پارێزرێت كه‌ ئێستا ناوچه‌كانی گرێ سپی و سه‌رێ كانی به‌ قوڵی 32 كیلۆمه‌تر گرتووه‌ته‌وه‌.

4- هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر بایه‌خی رێككه‌وتنی ئه‌ده‌نه‌ كرده‌وه، رووسیا كارئاسانی بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ ره‌وشی ئێستادا ده‌كات.

5- له‌ كاتژێر 12:00ی نیوه‌ڕۆی رۆژی 23ی ئۆكتۆبه‌ری 2019ه‌وه‌ پۆلیسی سه‌ربازی رووسیا و پاسه‌وانی سنووری سووریا له‌ دیوی سووریا له‌ ناوچه‌ی سنووری نێوان توركیا و سووریا و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی ئۆپراسیۆنی "كانی ئاشتی" ده‌بێت بۆ كارئاسانی گواستنه‌وه‌ی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و چه‌كه‌كانیان بۆ قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ دووری سنووری سووریا و پێویسته‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی 150 كاتژمێردا كۆتایی بێت. له‌و چركه‌ ساته‌وه‌، ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی رووسیا و توركیا له‌ خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵاتی ناوچه‌ی ئۆپراسیۆنی "كانی ئاشتی" به‌ قوڵی 10 كیلۆمه‌تر جگه‌ له‌ شاری قامیشلۆ له‌ ئه‌ركدا ده‌بن.

6- سه‌رجه‌م چه‌كدارانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و چه‌كه‌كانیان له‌ منبج و ته‌ل ره‌فعه‌ت دوور ده‌خرێنه‌وه‌.

7- هه‌ردوولا رێككاری پێویست بۆ رێگرتن له‌ دزه‌كردنی تیرۆریستان ده‌گرنه‌ به‌ر.

8- هه‌وڵی هاوبه‌ش ده‌خرێنه‌ گه‌ڕ بۆ كارئاسانی به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و سه‌لامه‌تی په‌نابه‌ران.

9- ئالیه‌تی هاوبه‌ش بۆ چاودێریكردن و به‌دواداچوونی سه‌رپه‌رشتی و جێبه‌جێكردنی ئه‌و یادداشته‌ و هه‌ماهه‌نگی داده‌نرێت.

10- هه‌ردوولا كار بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی سیاسی هه‌میشه‌یی بۆ قه‌یرانی سووریا ده‌كه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی ئالیه‌تی رێككه‌وتنه‌كانی ئه‌ستانه‌ و پشتیوانیكردنی چالاكییه‌كانی لیژنه‌ی ده‌ستووری.