بۆچی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ناكاو به‌رزبووه‌وه‌؟

كێشه‌ی پێنجوێن داخستنی خاڵی سنووری باشماخ بۆ ماوەی 72 کاتژمێر چییە؟

K24 - پێنجوێن:

ژماره‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌ پارێزگای سلێمانی، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و له‌ناكاو به‌رزبووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، بۆ هه‌ندێك هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ به‌رپرسانی خاڵه‌ سنوورییه‌كه‌ باسی ده‌كه‌ن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی ناوچەکە بۆ کوردستان 24 ئاشکرایان کردووە، ماوەی دوو هەفتەیە تیمی تەندروستیی پێنجوێن لە باشماخ نەماون و، هیچ پشکنینێک لە مەرزەکە نەکراوە.

نزیكه‌ی دوو مانگ بەر لە ئێستا، له‌ به‌رنامه‌ی بنکۆڵی كوردستان 24 كه‌ له‌ رێككه‌وتی 31-3-2020 پێشكه‌شكرا، ھۆشداری لە رێکارەکانی خۆپارێزی لە مەرزی باشماخ درابوو.

 له‌ به‌رنامه‌كه‌دا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی قەزای پێنجوێن باسی لەوەکرد، تیمێکی تایبەت کە لە چەند کەسێکی پسپۆڕ پێکھاتبوون و ویستوویانە کۆنترۆڵی تەواوی مەرزەکە بکەن و رێکارەکانی خۆپارێزی رێکبخەنەوە، لەلایەن ئیدارەی خاڵە سنوورییەکەوە دوای ماوەیەک لە چاوەڕوانی، رێگەیان نەدراوە بچنە نێو ئەو خاڵە سنوورییە.

ھەر ئەوکات لەنێو بەرنامەکەدا بەرپرسی یەکەمی تەندروستیی ئەو قەزایە ھۆشداری دا لەوەی "حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە باشماخ زیاددەبن ئەگەر رێکاری پێویست نەگیرێتەبەر".

بڕیاری وەستاندنی جوڵەی بازرگانی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لەو خاڵە سنوورییە وەك لە خاڵەکانی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، بۆ رێکخستنەوەی کاروباری رێکارەکانی خۆپارێزییە.

كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌ سلێمانییش داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، پابه‌ندی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی بن و جه‌ختیش ده‌كه‌نه‌وه‌، مه‌ترسییه‌كه‌ جدییه‌ و پێویسته‌ هه‌موو كه‌سێك له‌و مه‌ترسییانه‌ تێبگات و له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌ و نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌.

هه‌روه‌ها په‌یامێكیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕیان به‌ بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا نییه‌ و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه "با ئه‌و كه‌سانه‌ بێن ته‌نیا بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر دۆخی تووشبووان و نه‌خۆشخانه‌كانمان ببینن، ئینجا ده‌زانن ئه‌و په‌تایه‌ هه‌یه‌ یان نا".

 

 

ئەڤین عەتا و کاروان رەحمان